دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لە شاری ورمێ لە قەیران دان

13:56 - 4 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لە شاری ورمێ ڕوویان لە زیاد بوونە و بەرپرسانی حکوومەتیش، لە چارەسەر کردنی دیارەکان لە ئێران و کوردستان دۆشداماون.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، بەڕێوەبەری گشتی گۆڕستانەکانی شاری ورمێ، لەو بارەوە ڕایگەیاند: لە سەرەتایی ئەمساڵدا هەتاکوو ئێستە ٣٣ هاووڵاتیی لەو شارە خۆکوژیان کردووە.

هەواڵدەریی ئیرنا، لە زاری ئەمیر عەباس عابدینی بڵاوی کردەوە، لە ١٠ مانگی ڕابردوودا، ١٧٦ حاڵەتی \"لەباربردن\" ڕووی داوە و لە گۆڕستانی ئەو شارەدا نێژراون.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، هەروەها ئاماژەی بە گیان لەدەست دانی گیرۆدەبووانی ماددەی سڕکەرەکان لەو شارە کرد و ڕایگەیاند: لە ماوەی ئەمساڵدا، ١٤ کەس لەو پێوەندییە گیانیان لەدەست داوە.

سەرەڕای ئەوەی کە بێکاری هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی دیاردە و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێرانە، بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هیچ پلان و بەرنامەیەکی دیاریکراویان سەبارەت بە بنبڕکردن یان لانیکەم کەم کردنەوەی ئەو دیاردانە نییە.