دیاربەکر، میوانداریی سێمیناری سیهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی \"دوکتور قاسملوو\"ی کرد

15:49 - 20 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: سێمینارێک لە پەیوەندی لەگەڵ سیهەمین ساڵگەردی تێرۆرکردنی دوکتور قاسملوو، ڕێبەری کاریزماتیکی نەتەوەی کورد، لە شاری دیاربەکری باکووری کوردستان، بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی جۆزەردان، یادی سیهەمین ساڵگەردی تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، ڕێبەری کاریزماتیکی نەتەوەی کورد، بە بەشداریی نوێنەرانی حیزبەکان، ڕۆشنبیران و کەسایەتییە سیاسییەکان، لە شاری دیاربەکری باکووری کوردستان، بەرز ڕاگیرا.

ئەم سێمینارە، بە پیشاندانی فیلمێکی دێکۆمێنتاری سەبارەت بە ژیانی شەهید دوکتور قاسملوو، دەستی پێکرد و \"ئیسماعیل بێشکچی\"، نووسەری ناسراوی تورکیە، \"محەمەدساڵح قادری\"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، \"مەسعوود تەک\"، ڕێبەری حیزبی سوسیالیستی کوردستانی تورکیە و \"ئیبراهیم گۆچلۆ\"، خەباتکاری لەمێژینەی باکووری کوردستان، لەو سمینارەدا سەبارەت بە کەسایەتیی دوکتور قاسملوو، قسەیان کرد.

ئامانجی حکوومەتی ئێران لە تێرۆرکردنی دوکتور قاسملوو و شوێندانەریی ناوبراو لەسەر بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی ئێران، مێژووی حدکا لە کاتی سکرتێریی دوکتور قاسملوو و مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و پیلانی دوژمنان بۆ تێرۆری ڕێبەرانی کورد، لەو پرسانە بوون کە لەو سێمینارەدا قسە و باسیان لەسەر کرا.

٢٢‌ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨‌ی هەتاوی، واتە ٤٠ رۆژ دوای مردنی خومەینی، رێبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، وڵاتی ئۆتریش و یەكێک لە شەقامەكانی شاری ڤییەن كە بە جەرگەی وڵاتی دێموكراتیک ناسراوبوو، شایەتی تێرۆری سێ ‌كەسایەتیی سیاسی: \"دوكتور قاسملوو، عەبدوڵڵا قادری ئازەر و فازڵ ڕەسووڵ مەحموود\"، بوو.