دۆسیەی ٩ چالاکی سێنفیی مامۆستایان بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز نێردرا

12:04 - 13 بانەمەڕ 2722

دۆسیەی ٩ کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زیویە) بە ناوەکانی "ئاوات ڕەزەوی، لەیلا عینایەت‌زادە، تاهیر حامیدی، تاهیر قادرزادە، ئامانج ئەمینی، عەزیز مەرزی، ئەحمەد قادری، خالید عەبدوڵڵاهی و سلێمان عەبدی" بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز نێردرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دۆسیەی ئەو ٩ چالاکەی سێنفیی مامۆستایانی قوتابخانە پاش بەشداریان لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە بەرامبەر ئیدارەی پەروەردەی پەروەردە و بار‌هێنانی سەقز بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەو شارە نێردراوە.

ئەو سەرچاوەیە ڕاگەیاندووە لە وردەکاریی دۆسیەی ئەو ٩ چالاکەی سێنفیی مامۆستایان و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ئەوان زانیارییەک لەبەردەست نییە.

ڕۆژی شەممە ١٠ی بانەمەڕ، ئەو ٩ چالاکەی سێنفیی مامۆستایان لەگەڵ سەلاح سورخی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زیویە) بۆ پۆلیسیی ئەمنیەتی سەقز بانگهێشت کرابوون و هەڕەشەیان لێکردبوو لە ئەگەر بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە ڕۆژی ١١ی بانەمەڕ، دۆسیەیان دەنێردرێتە دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز.

ڕۆژی شەممە ١٠ی بانەمەڕ، سەلاح سورخی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زیویە) لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.