دۆسیەی مستەفا سەلیمی ڕەوانەی کۆمسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژنێف کرا

11:14 - 25 خاکەلێوه 2720

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان - لە ژنێڤ،لە نامەیەکدا بۆ کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەویەکگرتووەکان، ڕێپۆرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئێران و یونامی لە عێراق، سەرەڕای مەحکوومکردنی ڕادەستکردنەوە و لە سێدارەدانی مستەفا سەلیمی، خوازیاری لێکۆڵینەوەی جیددی  تەسلیمکردنی ناوبراو لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران، بوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان - ژنێڤ پرسی ڕادەستکردنی ناڕەوای مستەفا سەلیمی زیندانیی سیاسیی کورد لە ٤٤ هەمین خولی کۆبوونەوەکانی شۆرای مافی مرۆڤ کە بڕیارە لە مانگی ژووئەنی ٢٠٢٠ لە ژنێڤ بەڕێوە بچێت؛ دێنێتە گۆڕێ.

ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی لەلایەن بەرپرسانی هەرێم و ئاسایشی پێنجوێن پێچەوانەی هەموو یاسا و پەیماننامە ناونەتەوەیکانە و بە توندی مەحکوومی دەکەین.

ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاکەلێوە، حوکمی ئێعدامی "مستەفا سەلیمی"، زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی سەقز جێبەجێ کرا.

ئەو زیندانییە پاش ناڕەزایەتیی زیندانییان لە زیندانی سەقز، توانی لە زیندان هەڵبێت؛ بە وتەی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی مرۆیی کورد، ناوبراو پاش هەڵاتن لە زیندانی سەقز لە هەرێمی کوردستان دەسبەسەر دەکرێت و دواتر ڕادەستی حکوومەتی ئێران دەکرێتەوە.

مستەفا سەلیمی لە دایکبووی ٤ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٤٦ی هەتاویە، ڕێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ساڵی ٨٢ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، دزیی چەکدارانە و موحاربە" لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقز، بە سەرۆکایەتی "گودینی" بە  ١٥ ساڵ زیندان و ئێعدام مەحکووم کرابوو.

حوکمی ئەو زیندانییە لە لقی ٣١ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست و ئەو زیندانییە لە ماوەی دەسبەسەر کرانیدا، چەندین جار ناڕەزایەتی سەبارەت بە نادادپەروەرانەبوونی حوکمەکەی دەربڕیبوو و دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن.