دۆسیەی ٧ زیندانیی کورد لە دادگای پێداچوونەوە دیسان دەکەوێتە بەر لێکۆڵینەوە

20:30 - 26 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: دۆسیەی ٧ زیندانیی خەڵکی شاری شنۆ، بۆ لێڕوانینەوە بۆ دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ دەنێردرێنەوە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دۆسیەی ٧ هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری شنۆ، بە مەبەستی بەدواچوونی دادگای سەرەتایی و کۆتایی بە بڕیار سەپاو لە دادگای یەکەم بە لقی دوو دادگای پێداچوونەوە پارێزگای ورمێ نێردراوە.

لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ حوکمی ئێعدام و ١٠٠ ساڵ زیندانی بۆ ئەو ٧ هاووڵاتییە شنۆییە بڕدراوتەوە.

دادگای ئینقلابی شاری ورمێ ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" مەحکووم کردووە.

شوناسی ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردە و حوکمەکەیان لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێیەوە بەم شێویە:

١-هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، مەحکووم بە ئێعدام
٢-حاسڵ عەزیزی، ٢٥ ساڵ زیندان
٣-محەممەد زاهێد فەرامەرزی، ٢٠ ساڵ زیندان
٤-یەعقوب بائێکرام، ١٥ ساڵ زیندان
٥-جەلال مەسرووری، ١٥ سال زیندان
٦-کەمال مەسرووری، ١١سال زیندان
٧- سدیق بائێکرام،١٠ ساڵ زیندان

ئەو حەوت هاووڵاتییە کوردە خەڵکی گوندی \"قەرەسەقەل\"ی سەر بە شاری شنۆن.

لە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، تێکەڵچوونێک لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی بنکەی \"هەمزە\"ی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە گوندێکی سەر سنووری شاری شنۆ بە ناوی \"قەرەسەقەل\" هاتە ئاراوە کە لەم تێکەڵچوونەدا ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژران و ژمارەیەکیش لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات شەهید بوون و گیانیان بەخت کرد.

لەو پەیوەندییەدا، ڕاپۆرتە نێردراوەکان بۆ ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکەن، کە حاسڵ عەزیزی بە هۆی ئازار و ئەشکەنجەوە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان تووشی نەخۆشی گورچیلە بووە و بارودۆخی جەستەیی ناوبراو نالەبارە و بەرپرسانی زیندان لەگەڵ ناردنە دەرەوەی زیندان بۆ چارەسەریی پزیشکی دژایەتیی دەکەن.

هەنووکە ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ دان.