دۆسیەی دوو زیندانیی سیاسیی کورد ناڕوونە

16:30 - 15 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هێشتا لەدانی بڕیاری دوو زیندانی کە لە ٧ ساڵی ڕابردوودا لە گرتووخانە بوونە خۆی دەبوێرێت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەر یەکە لە زانیار مورادی و لوقمان مورادی کە لە گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج بەند کراون، بە هۆکاری دەستێوەردان و پێشگرتنی وەزارەتی ئیتلاعات لە ئازادی بێبەش کراون.

ئەم دوو لاوە کوردە لەلایەن دەزگای دادوەری بە موحارەبە، هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی، سیخۆڕی بۆ ئینگلیس و تێکدانی ئەمنییەتی شاری مەریوان لە کاتی هاتنی \"خامنەیی\" تۆمەتبار کراون.

زانیار و لوقمان مورادی ڕێكەوتی ١٠ی گەلاوێژ و ٥ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٨٨ لە مەریوان دەستبەسەر و بۆ ماوەی نزیک بە ٩ مانگ لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیران.

قازی سەڵەواتی کە بەرپرسی لقی ١٥ دادگای شۆڕشی تارانە لە ڕێبەندانی ساڵی ٨٩ ئەو دوو چالاکە سیاسییەی بە تۆمەتی \"مفسد فی‌الارض\" بە ئیعدام مەحکووم کرد.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی لە ئێران بڵاویکردەوە: \"پارێزەری ئەم دوو زیندانییە لەو باوەڕەدایە کە بەپێی ئەوەی کە ماددەی سزای ئیعدام لە یاسای نوێ ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و لە ئەگەری ڕوون بوونەوەی کوشتنی کوڕی پێشنوێژی شاری مەریوان ئەوا دۆسیەکە سەرلەنوێ پێداچوونەوەی بۆ دەکڕێت بەڵام وەزارەتی ئیتلاعات پێش بەم هەوڵە دەگرێت و سەرەڕای تێپەڕینی ٢ ساڵ لە دوا دادگایی زانیار و لوقمان کەچی دۆخی دۆسیەکەیان ناڕوونە.\"

بە بڕوای چالاکانی مافی مرۆڤ، هەڵسوکەوتی دەزگای دادوەری لەگەڵ ئەم جۆره دۆسیانە بە تەواوی سیاسی و بەلایەنگری لە دەسەڵاتدایە و بوون و بەشداری کەسانی ئەمنییەتی لەم دەزگایە زۆر بەربڵاو و جێگیرکراوە.