دۆسیەسازی بۆ زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندی ورمێ

14:23 - 11 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری ورمێ، لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ناوەندی شاری ورمێ، لە گەڵ دۆسیەکی نوێ بەرەوڕوو بووەتەوە.

لە ئەنجامی گوشار بۆ سەر زیندانییانی سیاسیی کورد، لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ، زیندانییەکی سیاسی کورد بە ناوی \"کامران دەروێشی\" لەگەڵ دۆسیەسازیەکی نوێ، لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ناوەندی ورمێ بەرەوڕوو بووەتەوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ، ویڕایی پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە نووسیوویەتی: بەرپرسانی زیندانی ناوەندی شاری ورمێ، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەیان بە تۆمەتی \"تێکدانی نەزمی گشتیی و بێڕیزی بە پیرۆزییەکان\" تۆمەتبار کردووە و لە هەوڵی دروست کردنی دۆسیەکی نوێ دیکەن بۆ ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە.

کامران دەروێشی، لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ٩٥، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری ورمێ دەسبەسەر و پاش دوو مانگ لە ژووری تاکەکەسی، بۆ زیندانی ناوەندی شاری ورمێ ڕاگوێزرا و دواتر لە لقی ٢ دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر \"شێخلوو\" بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، بە ٥ ساڵ زیندان، مەحکووم کرا.