دۆسیە سازی بۆ هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بەردەوامە

20:27 - 11 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەت لە کوردستان، خەرێکی دۆسیە سازکردن بۆ دەیان هاووڵاتیی کوردن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٠ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنیەتییەکان لە شاری شنۆ هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی ڕزگار ئەمینی دەستبەسەر کرد.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش دەستبەسەر کردنی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

هەواڵنێری کوردپا لەو بارەوە ڕایگەیاند؛ ڕزگار خەڵکی شاری ورمێیە و ماوەی چەند ساڵێکە لە شاری شنۆ نیشتەجێیە.

لە تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نیە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لەلایەن دەزگای قەزایی شاری کامیارانەوە دوو چالاکی کرێکاری بە ناوەکانی ئومید ئەحمەدی و مێهرداد سەبووری بانگهێشتی دادگا کراون.

هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند، ئەو دوو چالاکە کرێکارییە بە بڕیاری دادگا دەبێ ڕۆژی دوو شەممە ١٢ی ئەم مانگە لە دادگا ئامادە بن.

ئەو دوو لاوە کامیارانییە، لە کۆتاییەکانی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، بەبێ بەڵگەی دادگا لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئیتلاعات دەستبەسەر کرابوون.

هەروەها هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ ڕایگەیاند؛ پێنج هاووڵاتیی دەستبەسەر کراو لە شاری شنۆ، هەر کام بەدانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

شوناسی ئەو هاووڵاتییانە بە ناوەکانی، لوقمان ئەمینی، فەتاح پوور ئەحمەد، سەلیم مەولوودی، لوقمان عەزیزی و جەلال مەحموودی ڕاگەیەنراوە.

لە دڕیژەی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپادا هاتووە، ئەو پێنج هاووڵاتییە هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا بە شێوەی کاتی ئازاد کراون و دادگاییەکەیان لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەردا بەڕێوە دەچێت.

پێشتریش و لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا هەواڵنێری کوردپا باسی لە دەستبەسەر کردنی ١٧ هاووڵاتی لە شاری شنۆ کردبوو.

هەنووکە هیچکام لە ناوەندەکانی حکوومەت سەبارەت بە دەستبەسەرکراوەکانی ئەم دوایانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە شارەکانی(شنۆ، سنە، مەریوان، مەهاباد، بۆکان، سەوڵاوا و سەردەشت )و... هتد، هیچ لێدوانێکیان نەداوە، بەڵام بەرپرسە نیزامی_ئەمنیەتییەکانی حکوومەت بە شێوەی زارەکی باسیان لە پەیوەندیی ئەو هاووڵاتییانە لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری شۆڕش کردبوو.