٤٢٨ دۆسیە بۆ سەرپێچیی بەشی دەوا و دەرمانی پاریزگای کرماشان کراوەنەتەوە

19:28 - 18 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە ٤٢٠ دۆسیە لەلایەن ناوەندی تەعزیراتی حکوومەتی ئیسلامییەوە لەمەڕ سەرپیچی بەشی دەوا و دەرمانی پارێزگای کرماشانەوە پێکهاتووە.

بەرپرسی ئەو ناوەندە حکوومەتییە لە پارێزگای کرماشان رایگەیاند: لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی سەرماوەز ٤٢٨ دۆسیەی سەرپێچی لە بەشەکانی دەوا و دەرمان، تەندروستی، دامپزیشکی، پێکهاتووە کە ٢٧٨ دۆسیە قۆناغە یاساییەکانیان تێپەڕ کردووە و کۆتاییان پێهاتووە.

ئیرەج عێبادی بەرپرسی ناوەندی تەعزیرات رایگەیاند، سەرجەم کەسانی سەرپێچیکار بە بڕی ١٢١ میلیۆن تمەن جەریمە کراون.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشدا، زۆرترین سکاڵا لەلایەن هاووڵاتییانەوە لەسەر بەشەکانی ژنان، دەرمان و نەشتەرگەری تۆمار کراوە و لێژنەیەکی تایبەت بۆ بەداواداچوون و لێکۆڵینەوە بە سکاڵای هاووڵاتییان پێک دەهێنرێت.

\"10617.jpg\"
بەرپرسی ناوەندی تەعزیرات وێڕای بەداخبوون لەمەڕ وەرگرتنی بەرتیل لە نەخۆشەکان، راشیگەیاند: لەمەو بەدوا بەپێی یاسا لەگەڵ سەرجەم پزیشکە سەرپێچیکارەکان هەڵسوکەوت دەکرێت.

ئەو ئامارە لە کاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ لە شاری جوانڕۆ بە هۆی خوێن بەربوونی لە رادەبەدەر و کەمتەرخەمیی پزیشکەکانەوە لە نەخۆشخانەی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.

لەلایەکی دیکەشەوە رێکەوتی ١١ی بەفرانبار مامۆستایەکی خەڵکی نەوسوود بە هۆی کەمیی دەوا و دەرمان لە ناوەندی پزیشکیی ئەو شارە بووە قوربانی.

بەپێێ ئامارە نیوە فەرمییەکان لە ئێران، ساڵانە نزیک بە ١٥ هەزار سکاڵا بە شێوەی نووسراوە لەسەر پزیشکەکان تۆمار دەکرێت.

بەپێی دوایین ئامارەکان ٧٥ هەزار پزیشکی گشتی، ٢٢ هەزار پزیشکی ددان و ٦ هەزار پزیشکی تایبەت بە ژنان لە وڵاتی ئێران بوونیان هەیە.