دۆزینەوەی تەرمی کۆڵبەرێکی کورد لە ڕووباری \"جێرمێ\"ی سنووری ورمێدا

19:53 - 17 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: تەرمی کۆڵبەرێکی خنکاو لە ڕووباری \"جێرمێ\"دا پاش تێپەڕینی سێ ڕۆژ، دۆزرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تەرمی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"فەرزاد نووری\"، کوڕی فەرەیدوون، خەڵکی گوندی \"ئەنبێ\" لە ناوچەی \"تەرگەوەڕ\"، کە لە ڕووباری جێرمێ لە بەرزاییەکانی سنووری ورمێدا خنکابوو، بە هەوڵی خەڵکی ناوچەکە دۆزرایەوە.

ئەم کۆڵبەرە، رۆژی یەکشەممە، ١٥ی بانەمەڕ، لەگەڵ \"بۆرهان تەربی\"، له کاتی کۆڵبەریدا لە ڕووباری \"جێرمێ\" دا خنکان.

تەرمی فەرزاد نووری، پاش ناردنی بۆ گوندی \"کایی\"، نێردرایە گوندی \"ئەنبێ\"وە.

ئەم دوو کۆڵبەرە لە ڕووباری جێرمێ، لە نزیکیی گوندی \"بەردەسوور\" تووشی ئەم ڕووداوە بوون.