دۆزگەری گشتیی کرماشان، کوژرانی هاووڵاتییەکی لە ناڕەزایەتییەکاندا پشتڕاست کردەوە

11:29 - 7 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: دۆزگەری گشتیی پارێزگای کرماشان، کوژرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەی لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکاندا پشتڕاست کردەوە.

"پەرویز تەوسولیزادە"، دۆزگەری گشتیی پارێزگای کرماشان وتی، دەبێ دەزگای دادوەری لەگەڵ تێکدەران هەڵسوکەوتی جیددی بکات. لە نائارامییەکانی کرماشان، کەسێکیش لەلایەن سەربازانی ئیمام زەمانەوە کوژراوە.

دۆزگەری گشتیی پاریزگای کرماشان هەروەها وتی، لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، ئێمە لەگەڵ مەسەلەیەکی زۆر گەورە بەرەڕوو بووین و ئەم ڕەوتەش لەگەڵ پێشووتر چەند جیاوازییەکی بنەڕەتیی هەبووە کە یەکێک لەو جیاوازییانە بەستنی شەقامەکان لە ڕۆژی شەممەدا بوو کە ئەرکی هێزە نیزامییەکانی قورستر کردبووەوە.

ئەو بەرپرسە دادوەرییە بە تۆمەتلێدان لە هاووڵاتییانی ناڕازی کە ئەوان چەکیان پێ بووە و لە بەرانبەر مەئموورانی حکوومەتیدا ڕاوەستاون، وتی: "هەموو هێزەکانی بەسیج، سپای پاسداران، ئیدارەی گشتیی ئیتلاعات، هێزە نیزامییەکانی پارێزگا و ئەرتش، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دۆخە ئامادە بوون".

"تەوەسولیزادە"، هەروەها هاووڵاتییانی ناڕازیی کرماشانی بە "ئەرازل و ئوباش" و "تێکدەر" ناو برد و وتی، بەدڵنیاییەوە دەزگاکانی ئەمنییەتی و ئینتزامی و ئیتلاعاتی ئەو کەسانە شناسایی دەکەن و سزایان دەدەن، تاکوو جارێکی دیکە لەم پارێزگایە شایەتی وەها ڕووداوێک نەبین.