دۆزگەری پارێزگای سنە لە ئەگەری شاردەنەوەی زیندانییە هەڵاتووەکانی سەقز هەڕەشەی لە هاووڵاتییان کرد

11:50 - 11 خاکەلێوه 2720

"محەممەد جەباری"، دۆزگەری گشتیی و ئینقلابی سنە، لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان بە هەڕەشەکردن لە هاووڵاتییان لە پێوەندیی لەگەڵ زیندانییە هەڵاتووەکانی زیندانی سەقز ڕایگەیاند: "ئەو هاووڵاتییانەی کە زیندانییانی هەڵاتووی زیندانی سەقز دەشارنەوە و یان کەرەستەی شاردنەوەیان بۆ ئامادە دەکەن، تاوانبار دەناسرێن و لەگەڵ ئەوان وەکوو پێویست هەڵسووکەوت دەکەن".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: "بەپێی یاسا، ئامادە کردنی شوێن و حەشارگە بۆ زیندانییە هەڵاتووەکان بە تاوان بە ئەژمار دێت و ئەو کەسانەش دەخرێنە ژێرچاوەدێرییەوە".

دۆزگەری گشتیی و ئینقلابی سنە وێڕای هەڕەشە لە زیندانییە هەڵاتووەکانی زیندانی سەقز ڕایگەیاند:  "زیندانییە هەڵاتووەکان ئەگەر نەگەڕێنەوە، پاش دەسبەسەرکردنیان حوکمی نوێیان بە سەردا دەسەپێ و وەبەر لێخۆشبوونی گشتیی ناکەون".

ڕۆژی هەینی ٨ی خاکەلێوە، ژمارەیەک لە زیندانییانی زیندانی سەقز، پاش دەستپێکردنی ناڕەزایەتی لەو زیندانەدا، توانییان دەرگای زیندانەکە بشکێنن و هەڵبێن".

ناڕەزایەتی لە زیندانی سەقز بەهۆی پێنەدانی مەرەخەسی بە زیندانییەکان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرونا ڕووی داوە.