دۆزرانەوەی ئاسەواری مێژوویی لەئیلام

15:26 - 25 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: لە بەشێك لەناوچەی مێژوویی و كۆنی ئیلام ژمارەیەك پارچە ئاسەواری ئاسن و سواڵەت(سفال) دۆزراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ژمارەیەك لە كەوناراناسی ئیتالیایی و ئێرانی دوای گەڕان و هەڵدانەوەیەکی زۆر لە ناوچەی \" لەلار\" سەیمەڕە كۆمەڵێك ئاسەوارییان دەست كەتووە.

ئەو گەڕان و پشكنینە بۆتە هۆی دۆزرانەوەی كۆمەڵێك ئاسەواری مێژوویی سەردەمی ئاسنینین و كۆتاییەكانی دەسەڵاتداریەتیی ساسانییەكان.

بەوتەی سەرپەرەستی ئەو تیمە ئامانج لەو گەڕانانە رزگاركردنی ناوچە و دەوروبەری مێژوویی سەیمەڕەیە كە لە ئەگەری ئاوگیری بەنداوەكەدا نزیك بە لەسەدا ٦٠ی تەپەی مێژوویی لەلار دەچێتە ژێر ئاوەوە.

سواڵەت، گچكاری دیوارەكان و شوێنی چێشت لێنان و كەرەسەكەی و بەردی ئاش بۆ وێنە لەو ئاسەوارانەن كە بە دەستی كەوناراناسی ئیتالیایی و ئێرانی دۆزراونەتەوە.

\"24201.jpg\"
بۆ دۆزینەوەی ئەو كەلوپەلانە كەڵک لە رێگەی \" ئیركۆفیزیك\" وەرگیراوە
ماوەیەك لەمەوبەریش توێژەران توانیبوویان بە ئەنجامدانی چەندین لێكۆڵینەوەی زانستی، ئیلام وەكوو یەكەمین شوێنی وەرزێڕی لەقەڵەم بدەن.

ئەو ئاسەوارانە دەرخەری ئەوەن كە ئیلام یەكێک لە شوێنە كشتۆكاڵی و پیشەییەكان لە سەردەمی ساسانییەكان و ئیسلامدا بووە.

ئەو هەواڵە لەحاڵێكدایە كە ناوچەی لەلار بە رووبەری ٣٥ هێكتار ساڵی ١٣١٠ لە ریزی ئاسەوارە میللییەكاندا تۆمار كراوە.

دكتور حەمید فەهیمی سەبارەت بە سەردەمی ئاسنینی دەڵێ‌: ئەو سەردەمە بە دەورانی تێپەڕینی مەفرەغ بۆ سەردەمەكانی دیكەیە و لە سەردەمەدا چەمكەكانی وەكوو ژیان، كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لەلایەن دانیشتوانی فەلاتی ئێرانەوە بە ئیمهام وەرگرتن لە فەرهەنگی دراوسێیەكان ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات و تەنانەت هیچكات ئاسن نەیتوانیوە رۆڵێكی یەكلاكەرەوەی لە گۆڕانە فەرهەنگی و ئابووریەكاندا هەبێت.