دۆخی گشتی کۆڵبەرێکی قوربانی مین نالەبار ڕاگەیەندراوە

12:55 - 27 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار کە بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بووە، لە بەخشی چاوەدێری تایبەتی نەخۆشخانەی شاری مەهاباد خەوێندراوە.


بەپێی هەواڵی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دۆخی گشتی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"مستەفا ئەحمەدپوور\" تەمەن ٢١ ساڵ کوڕی ڕەحمان خەڵکی گوندی \"شەختان\" سەر بە شاری پیرانشار، که بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لە دەست دابوو، نالەباره.

بە وتەی سەرچآوەیەکی ئاگادار، ئەم کۆڵبەرە کوردە کە بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لە دەست دابوو، بە هۆی کاریگەربوونی برینەکەیەوە لاقەی دیکەشی لە دەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هەنوکە ناوبراو لە بەخشی ئای سی یووی نەخۆشخانەی شاری مەهاباد خەوێندراوە.

مستەفا ئەحمەد پوور، ڕۆژی پێنج شەممە ١٧ی ڕەشەمە، بە هۆی ڕاودوونانی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە ناوچەی \"قەمتەرە\"ی شاری پیرانشار چوو بووە سەر مین و پاش تەقینەوەی یەکێک لە مینە بە جێماوەکان، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی \"ئەمیرخان ڕخیدە\"تەمەن ٢٨ ساڵ کوڕی مەعرووف خەڵکی گوندی \"تەرکشی خوار\"ـی بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیان لە دەست دابوو و کەسێکی دیکە بە ناوی \"پەیمان زارعی\"ش لەو ڕووداوە لە لای ڕوخساریەوە زیانی بەرکەوتبوو.

بەپێی ئامارەکان، ٦ میلیۆن هێکتار لە خاکی ئێران بە مین چێندراوە کە دەکاتە زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە سەرتاسەری خاکی ئێران و لەم نێوانەشدا پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ بە هۆی ئەمنییەتی بوون و هەروەها سنووری بوون، زۆرترین مینە چێندراوەکانییان بۆ خۆیان تەرخان کردووە.