دۆخی ڕامین حوسێن پەناهی لەگەڵ بەرپرسی ڕێکخراوی لێبووردنی نیونەتەوەیی و عاسیمە جەهانگیر تاوتوێ کرا

16:02 - 27 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: ئەمجەد حوسێن پەناهی چالاکی مافی مرۆڤی کورد لە پەیوەندی لەگەڵ بارودۆخی ڕامین حوسێن پەناهی، لەگەڵ عاسیمە جەهانگیر و بەرپرسی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە شاری بێرلین دیدار و چاوپێکەوتنی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٦ی گەلاوێژ، ئەمجەد حوسێن پەناهی چالاکی مافی مرۆڤی کورد و برای ڕامین حوسێن پەناهی لە درێژەی پەیوەندیی و چاوپێکەوتنەکانی خۆی لە بارەی بارودۆخی ڕامین حوسێن پەناهی و زیندانییە سیاسییەکانی دیکە، لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوئێد لەگەڵ عاسیمە جەهانگیر، ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیکگرتووەکان لە کاروباری ئێران دیدار و چاوپێکەوتنی کرد.

ئەمجەد حوسێن پەناهی لەو دیدارەدا وێڕای دانی ڕاپۆرتی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئێران بە تایبەت کوردستان، باسی لە بارودۆخی زیندانییانی سیاسی، دەستبەسەر کردنە خۆسەرانەکان، هەڵسووکەوتی سپای پاسداران، زیاتر ئەمنییەتی کردنی کەش و هەوای کوردستانی ڕۆژهەڵات و کوشتنی کۆڵبەران بۆ عاسیمە جەهانگیر کرد.

ئەمجەد حوسێن پەناهی لە بەشێکی ئەو دیدارەکەی خۆیدا، باسی لە دوایین بارودۆخی ڕامین حوسێن پەناهی و گوشاری دەزگاکانی ئەمنییەتی بۆ سەر بنەماڵەی حوسێن پەناهی کرد، ئەو چالاکە مافی مرۆییە وێڕای نیگەرانی لە هەمبەر ئەو گوشارانەدا، داوای لە عاسیمە جەهانگیر کرد لە پەیوەندیی لەگەڵ ئاگادار بوون لە بارودۆخی ڕامین، عەباس و ئەفشین حوسێن پەناهی هەوڵەکانی خۆی چڕتڕ بکاتەوە.

ئەمجەد حوسێن پەناهی وێڕای هۆشداری دان، لە ئەگەری لە سێدارەدانی نهێنیی ڕامین یان ئازار و ئەشکنجەدانی، داوای لە عاسیمە جەهانگیری کرد لەو بارەیەوە داوا لە بەرپرسانی ئێران بکات کە ئیزنی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕامین حوسێن پەناهی بدەن.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی گەلاوێژ، ئەو چالاکەی مافی مرۆڤی کورد لە شاری بێرلینی ئاڵمان لەگەڵ \"ڕێنە ویڵد ئانگێل\" بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقای لێبووردنی نێونەتەوەیی دیداری کرد.

لەو دیدارەدا ئەمجەد حوسێن پەناهی ڕاپۆرتێکی لە دوایین دۆخی ڕامین و گوشارەکانی حکوومەتی ئێران بۆ سەر بنەماڵەی حوسێن پەناهی باس کرد.

ناوبراو لەو ڕاپۆرتەی خۆیدا سەرەڕای ئاماژه به گوشارەکان، دەستبەسەکردنە نایاساییەکان و ناڕوونی لە چارەنووسی رامین حوسێن پەناهی داوای لە لێبووردنی نێونەتەوەیی کرد لە لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی دەستبەسەرکراوانی بنەماڵەی حوسێن پەناهی بە زووترین کات ئیقدام بکات.