دۆخی نێو زیندانی ورمێ و دەورەبەری، ئەمنیەتی کراوە

15:33 - 30 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: لێپرسراوانی حکوومەتی بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە مانگرتنی ٣٢ رۆژەی زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ورمێ، گوشارەکانیان بۆسەر بنەماڵەی ئەو زیندانیانە زیاتر کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لە ورمێ، باس لە دۆخی نائاسایی لە نیو زیندانی ورمێ و شەقامەکانی دەوروبەری ئەو زیندانە دەکرێ و لەو پەیونەدییەدا سێ رۆژ پێش ئێستا لێژنەیەک لە تارانەوە بۆ تاوتوێ کردنی دۆخی زیندانی ورمێ، سەردانی ئەو زیندانەیان کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ هەواڵنێری کوردپای ئاشکرا کرد، دۆخی تەندروستی و جەستەیی زیندانیانی مانگرتوو بەرەو خراپی دەچێت و هاوکات لە دەرەوەی زیندانیش ناوەندە ئەمنییەکانیش بۆ کۆتایی هێنان بەو مانگرتنە فشاریان بۆسەر بنەماڵەی زیندانییانی مانگرتوو زیاتر کردووە.

زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، کە ماوەی ٣٢ رۆژە لە مانگرتن دان، بەردەوام لەلایەن بەرپرسانی ئەمنی و زیندانەوە بۆ بەرێوەبردنی حوکمەکەیان و هەروەها راگواستنیان بۆ بەندەکانی دیکەی نێو زیندان بەرەوڕوو بوونەتەوە.

یەکێک لەو سەرچاوانە گوتی؛ لێپرسراوانی حکوومەتی فشاریان خستۆتە سەر عابید فەتاحی، تەنیا نوێنەری کورد لەو شارەدا، کە بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد، لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیانی مانگرتوو قسە بکات و هانیان بدات.

رۆژی رابردووش ئەو ئەندامەی مەجلیس لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، بەڵێنیی بەدواداچوونی خواستی زیندانییە سیاسییەکانی دابوو.

هاوکات رۆژی پێنج‌شەممە و رۆژی رابردووش رێگرییان لە چاوپێکەوتنی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسیی کورد لەگەڵ رۆڵەکانیان، کردبوو.

یەکێک لە بنەماڵەی ئەو ٢٨ زیندانییە سیاسییە کوردە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، رایگەیاند؛ کە لەلایەن هیچ ناوەند و گروپێکەوە لەو ئوستانەدا پشتیوانییان لێناکرێ و سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک مانگ لەو مانگرتنە، لەلایەن نوینەران، ئەندامانی شۆرا و ناوەندەکانی دیکەوە، بچووکترین پشتیوانییان لێنەکراوە.

ناوبراو کە بەهۆکاری ئەمنیەتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بەڵام باسی لە کۆبوونەوەیەکی بچووکی ژنان لە شەقامەکانی مەهاباد کرد، کە بەهۆی بچووک بوونی کۆبوونەوەکە، میدیایی نەکراوەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٣٠ سەرماوەز، ٣٢ رۆژ بەسەر مانگرتنی زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ورمێدا تێپەڕ دەبێت، لەو بارەیەوە چالاکانی سیاسی، رۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی مرۆڤ لە دەرەوەی وڵات بە وەڕێخستنی چەندین کەمپەین، پشتیوانییان لە خواستنی زیندناییە سیاسییەکانی کوردستان کردووە.

هاوکات بەپێی بانگەوازی چالاکانی سیاسی، مافی مرۆڤ و خوێندکاری، بڕیارە بەیانی رێکەوتی ١ی بەفرانبار، مانگرتنی گشتی لە کوردستانی ئێران بەرێوەبچێت.

تێکەڵکردنی بەندی زیندانییە سیاسییەکان بە تاوانبارانی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانە گشتییەکان، راگواستنی زیندانییە سیاسییەکان بۆ بەندەکانی دیکەی نێو زیندانی ورمێ، بەشێک لە هۆکارەکانی ناڕەزایەتی دەربڕینی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ لە خۆ دەگرن.

لەماوەی یەک مانگی رابردوودا، ژمارەیەک لەو زیندانییە کوردانە بەهۆی مانگرتنەکەیانەوە رەوانەی بێهداریی زیندانی ورمێ کراون، بەڵام ئامادە نەبوون کە کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بێنن.

هاوکات، هەڕەشەی بەڕێوەبردنی حوکمی لەسێدارەدانی زیندانیانی مانگرتووی کورد، کە ١١ کەسیان حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ براوەتەوە، فشاری بەرپرسان بۆ کۆتایی هێنا بەو مانگرتنە بووە.