دۆخی نالەباری کۆرۆنا/ لە دوو پارێزگای کوردستان ٤٨ کەس لە ٢٤ کاتژمێردا گیانیان لەدەست دا

13:01 - 25 خەرمانان 2721

دوو پارێزگای کوردستان، بەهۆی بەردەوامیی دۆخی نالەباری تۆشبوونی هاووڵاتییان بە کۆرۆنا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، ٤٨ کەس لە پارێزگاکانی ورمێ و کرماشان، گیانیان لەدەست داوە.

بەرپرسی زانکۆی زانستیی پزیشکیی پارێزگای ورمێ، باسی لە ڕێژەی تووشبووانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان کرد بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دۆخی ئەو پارێزگایە بە قەیراناوی وەسف کرد

"جەواد ئاقازادە" لە وتووژێکدا، لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی "مێهر" ڕایگەیاند: "هاووڵاتییانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئاستی پارێزگای ورمێ ڕۆژانە خۆی لە قەرەی ٤٠٠ کەس دەدات کە ئەمەش بەردەوامیی دۆخی خراپی ڕێژەی تووشبووان لەو پارێزگایە نیشان دەدات.

ئەو بەرپرسە زانکۆیە هەروەها وتوویەتی لە ئێستاد ٢ هەزار و ٢١٣ کەس کە تووشی کۆرۆنا بوونە لە ناوەندە دەرمانییەکان خەوێندراون و لەو ڕێژەیەش ٣٢٨ کەس لە ناوەندەکان لە ژێرچاودێریی پزیشکی دان و ٧٤ کەس باری تەندروستییان زۆر نالەبارە.

بەرپرسی زانکۆی پزیشکیی پارێزگایە ورمێ، ئاماژەی بە ڕێژەی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان بە کۆرۆنا لەو پارێزگایە کردووە و ڕایگەیاند: "لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابروودا، ٢٨ کەس گیانیان لەدەست داوە و ١٢ کەسیان لە ورمێ و ٨ کەسیان لە میاندووئاو بوون و کۆی گشتیی گیانلەدەستداوانی کۆرۆنا لەو پارێزگایە گەیشتووەتە ٥ هەزار و ٩٧٩ کەس".

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسی کۆمیتەی ڕاگەیاندنی ستادی کۆرۆنا لە زانکۆی زانستیی پزیشکیی پاڕێزگای کرماشان، ڕایگەیاند: لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ٢٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و بەو پێیه کۆی گشتیی گیانلەدەستداوانی کۆرۆنان لەو پارێزگایە گەیشتووەتە ٢ هەزار و ٣٥٦ کەس.

"مێهدی محەممەدی" هەروەها ڕایگەیاندووە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابروودا، ١٣١ کەسی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و هەنووکە هەزار و ٤٣٣ کەس لە ناوەندە دەرمانییەکان خەوێندراون.

هەتا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی نە بەرپرسانی ڕێژیم و نە ستادی پێشگیری بە کۆرۆنا لە ئێران، ئامارێکی ورد و تەواویان لە سەر ڕێژەی گیانلەدەستداوانی ڕۆژانەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام سەرچاوە نا فەرمییەکان باسی لە سێ هەتا چوار بەرانبەری ئاماری ڕۆژانەی مردنی هاووڵاتییان بە کۆرۆنا لە ئێران دەکەن.