دۆخی نالەباری دوو گیراوی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ/ یەکیان تووشی شێرپەنجە بووە

13:42 - 7 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: ژنە چالاکێکی سیاسیی کورد، کە لە زیندانی ورمێ لە دەستبەسەریدایە، بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زیندان و دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، زیاتر لە ساڵێکە چارەنووسی لە ناڕوونی دایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مێهناز حەکیمی، چالاکی سیاسیی کورد، کە زیاتر لە ساڵێک بەسەر دەستبەسەرکرانیدا تێپەڕ دەبێت، هەتا ئێستا بەبێ دادگایی کران و لە زیندانی ورمێ لە دەستبەسەریدایە و چارەنووسی روون نەکراوەتەوە.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، ١٥ی جۆزەردانی ساڵی ٩٢ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کراو بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گوازرایەوە.

مێهناز حەکیمی، بۆ ماوەی زیاتر لە ٣ مانگ لە ئیتلاعاتی ئەو شارە لەژێر ئەشکەنجەو لێپرسینەوەدا بوو، کە دواتر رەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ (دەریا) کرا.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان تۆمەتی \"پەیوەندیی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\"یان داوەتە پاڵ مێهناز حەکیمی.

\"22343.jpg\"
 عەلیڕەزا رەسووڵی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد
لەلایەکی دیکەوە،  عەلیڕەزا رەسووڵی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کەلە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە دەستبەسەریدایە و تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە، بەهۆی رێگریی بەرپرسان لەمەر چارەسەری نەخۆشییەکەی لە دەرەوەی زیندان، مانی لە خواردن گرتووە.

عەلیرەزا رەسووڵی، کە ماوەی ١٠ رۆژە لەسەر مانگرتنەکەی بەردەوامە، دوو تۆمۆری شێرپەنجە لە ناو لەشیدا دروست بووەو لەگەڵ ئەوەشدا ئێسکی کۆرتیخە(لگن)یشی پووکاوەتەوەو لاقێکی کورت بۆتەوەو سەرەڕای ئەمەش، بەرپرسانی زیندانی ورمێ ئیزنی چوونە لای پزیشک و چارەسەری لە دەرەوەی زیندانی پێنادەن.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، کە بە نیشانەی پشتیوانی لە کچە قوتابیانی شیناوێی پیرانشار لەبەر دەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی مەهاباد هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵێک لە چالاکانی کوردی ئەو شارە کۆببوویەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراو تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی درایە پاڵ، کە سەرئەنجام بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری حوکم درا.

\"22339.jpg\"
زەینەب جەلالیان، زیندانیی سیاسیی کورد
لەلایەکی دیکەوە، زەینەب جەلالیان کچە زیندانیی سیاسیی کورد کەلە زیندانی دیزڵ‌ئابادی کرماشان لە دەستبەسەریدایە و بۆخۆیشی تووشی نەخۆشی و ئازاری چاو بووە، لە نامەیەکدا خوازیاری پشتیوانی لە زیندانییە سیاسییەکانی ئێران بووە.

جەلالیان کە بە زیندانی هەتاهەتایی حوکم دراوە، لەو نامەیەدا داوای کردووە، کە بە چالاکیی بەردەوام، هەوڵ بۆ ئازادیی خۆی و سەرجەم زیندانییە سیاسییەکان لە ئێران، بدرێت.