دۆخی نالەبار و خراپی كوردستان لەبواری خۆراكەوە

13:16 - 3 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: تەندروستیی منداڵانی كوردستان بەهۆی \"بەد خۆراكییەوە( سٶ تغذیە)\" لە مەترسیدایە و ئەو مەترسییەش رۆژ لەگەڵ رۆژ لە پەرەسەندن دایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەحاڵی حازردا ١٥٠٠ منداڵی تەمەن ژێر ١٢ ساڵ لەئوستانی كوردستان كە ٦%‌ی سەرجەم منداڵان لەخۆ دەگرێ‌، بە دەست بەدخۆراكییەوە دەناڵێنن.

ئەو منداڵانە بە هۆی نەخۆشییەكانی شاراوە و درێژخایەن، نەخۆشیی سیستەمی هەناسە و كەمیی ویتامین دەچنە ریزی منداڵانی بەد خۆراكەوە.

جێگری بێهداشتی زانكۆی زانستە پزیشكییەكانی ئوستانی كوردستان باسی بە وڵامدەرنەبوونی بوودجەی تەرخان كراو بۆ ئەو بوارە بووە و وتوویەتی: بۆ بەربەرەكانی و خەبات بەدژی بەد خۆراكی منداڵان ١٥ میلیارد ریاڵ پێویستە، بەڵام لەو بڕە بودجەیە تەنیا سێ‌میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن ریاڵ لەبەر چاو گیراوە.

هەواڵدەریی ئیرنا لەزاری فەرامەرز بیدارپوورەوە بڵاوی كردۆتەوە؛ دایک و باوكی ئەو منداڵانە بە هۆی \" فەقری فەرهەنگی\" و نەبوونی زانیاری، بە شێوەیەی كە پێویستە ناتوانن خۆراک باش و تەندروست بەمنداڵەكانیان بدەن.

بیدارپوور باسی لەوەش كردووە، رێژەی كچان بۆ تووشبوون بە بەدخۆراكی لەكوڕان زیاترە و وتیشی: كۆردستان یەكێک لەو ئوستانانەیە كە لە بواری ئەمنیەتی خۆراكەوە لە پلەیەكی زۆر نزم دایە.

ئەو قسانە لەحاڵێكدایە كە پێشتریش ئوستانەكانی سیستان و بەلووچێستان، (كەهكیلوویە و بویەرئەحمەد)یش وەكوو ناوچەی بەدخۆراک ئەژمار كراون.

هەروەها بەرپرسانی پایەبەرزی حكوومەتی ئێران لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا بە بەردەوامی جەختیان لەسەر زیادكردنی حەشیمەتی ئێران كردۆتەوە و ئەمەش لەحاڵێكدایە كە پێكهاتەی ئابووری، فێركاریی و ژینگەی ژیانی كوردستان بۆ ئەو بوارە زۆر لاوازە.