دۆخی شپڕزەی ئابووری لە کوردستان، خوێندکارانی کوردی ناچار بە کۆڵبەری کردووە

15:39 - 19 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد بە بڕوانامەی کارناسیی بەرنامەڕێژیی شار، بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی ڕووی لە پێشەی کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کردووە.

\"کەیوان کەیوانفەرد\"، دەرچووی قۆناغی کارناسیی بەرنامەڕێژیی شار، خەڵکی گوندی \"دەڵەمەرز\"ی ناوچەی هەورامان، بە هۆی بێکاریەوە، ماوەی ٧ ساڵە لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی خەریکی کاری کۆڵبەریە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ساڵی ٩٠ی هەتاوییەوە، ڕووی لە پیشەی کۆڵبەری کردووە و خاوەنی چەندین گوتارە لە بوارەی بەرنامەڕێژی شاردا.

ماوەیەک پێش، بە بڵاوبوونەوەی وێنەی وەرزشکارێکی کورد بە ناوی تەها غەفاری، لە کاتی کۆڵبەریدا، دژکردەوەی توندی کاربەرانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکانی مەدەنیی شاری مەریوانی لێ کەوتەوە.

تەها غەفاری خاوەنی زیاتر لە ٢٠ میداڵی زێڕی ئێران، ئاسیایی، کێبڕکێی نێودەوڵەتی و جێگر قارەمانی کێبڕکێی هەڵهاتنی سەحراپێوان ئاسیا لە وڵاتی ژاپۆنە.

یەکێک لە هۆکارە سەرکییەکانی پەرسەندنی دیاردەی کۆڵبەری، نەبوونی دەرفەتی کار، ئاوڕنەدانەوە لە دانانی سەرمایەی حکوومەتی لە ناوچە کوردنشینەکان و پێناسەی نادروست لە ئابووری سنووری،کە دەبێتە هۆی ئەوەیکە ئەو کەسانە بە دوای کاردا دەگەرێن روو لە پیشەی کۆڵبەری بکەن.