دۆخی تەندروسیتی زیندانییەکی سیاسیی نالەبار ڕاگەیاندراوە

11:12 - 26 رەشەمه 2719

بارودۆخی جیسمانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ بە ناوی "مەجید تیباش" کوڕی خالید خەڵکی "دزە"ی مەرگەوەڕ نالەبار ڕاگەیاندراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان نەشتەرگەری بۆ کرابوو و هەنووکە باری جیسمانی خراپە و ئەو نەخۆشییە جارێکی دیکە ڕووی لەو زیندانییە سیاسییە کردووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، سەرەڕای دەرکردنی بەخشنامەیەکی نوێ لەلایەن بەرپرسی هێزی دادوەریی ئێران، لە مافی مەرەخەسی بێبەرییە.

بەپشتبەستن بە بەخشنامەی نوێی هێزی دادوەری، زیندانییانێک کە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" و ماوەی زیندانییەکەیان کەمتر لە ٥ ساڵه، بە شێوەی کاتی مافی مەرەخەسیان پێدەدرێت.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی پووشپەڕ، ئەو هاووڵاتییە کوردە، لەلایەن مەئموورانی دەسبەسەر و دواتر بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لقی سێی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بە سەرۆکایەتیی "نەجەفی" "مەجید تیباشـ"ـی بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری، بە تۆمەتی "ئەندامبوون و چالاکیی تەبلیغی لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، مەحکووم کردبوو.

ناوبراو سەبارەت بەو حوکمە، ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو و ئەم حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ٤ ساڵ کەم کرایەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی بەفرانباری ساڵی ٩٧، "مەجید تیباش" پاش تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکەی، بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە گرتنگە ئازاد کرا.

لەو پەیوەندییەدا، ساڵی ٩١ی هەتاوی، ئەم زیندانییە سیاسییە لە سەر بڕیاری حیراسەتی زانکۆی عیلمی_کاربوردیی شاری ورمێ بەهۆی ئەوەیکە لەسەر لەپ‌تابەکەی وێنەی ئاڵای کوردستانی دانابوو و هەروەها ئەو وێنەیە لە کۆنفڕانسێکی زانستیدا لە سەر پرۆژکتور پێشان د بوو، لە درێژەدان بە خوێندن بێبەری کرا.

هەروەها ساڵی ٩٢ی هەتاوی، ئەم هاووڵاتییە کوردە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ماوەیەک لە گرتنگە ئازاد کرا.