دۆخی تەندروستیی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ نالەبارە

16:44 - 10 رێبەندان 2719

بارودۆخی تەندروستیی زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "سیامەک ئەشرەفی" خەڵکی گوندی "وەلەند" سەر بە بەخشی ناوەندیی شاری ورمێ نالەبار ڕاگەیەندراوە. ناوبراو بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە داخوازیی ئازادیی بێمەرەج و بێڕێزیکردنی فەرمانبەرانی لقی ٩ی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی دادگای ئینقلابی ورمێ، دەستی دابووە مانگرتن.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە، ١ی ڕێبەندان، دەستی داوەتە مانگرتن و ڕایگەیاندووە کە هەتا بە ئەنجام نەگەیاندنی داواکارییەکەی درێژە بە مانگرتنەکەی خۆی دەدات.

داواکاریی ئازادیی بێمەرجی ئەو زیندانییە کوردە لەلایەن لقی ٩ی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی دادگای ئینقلابی ورمێ ڕەت کراوەتەوە و ناوبراو خوازیاری پێداچوونەوە لەسەر داواکارییەکەی بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، بەردەوامبوونی مانگرتن لە خواردن، تەندروستیی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دەخاتە مەترسییەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی، هەتا ئێستا بەرپرسانی زیندانی ورمێ سەبارەت بە مانگرتنی ئەو زیندانییە سیاسییە کەمتەرخەم بوون.

"سیامەک ئەشرەفی" پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بووە و مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٥، پاش گەڕانەوە بۆ ئێران، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر لە دادگای ئینقلابی ورمێ بە ٥ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە  کوردە، ٣ ساڵ و ٨ مانگە کە لە زینداندایە.