دۆخی تەندروستیی ٧ زیندانی سیاسیی رەجایی شاری کەرەج نالەبارە

16:13 - 14 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی \"رەجایی شاری کەرەج\" رێگری لە چارەسەریی پزیشکی کۆمەڵێک لە زیندانیانی سیاسیی ئەو زیندانە دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی \"زیندانی رەجایی شاری کەرەج\" بە بیانووی نەبوونی مەئمووری تایبەت و کەمیی بوودجە، لە چارەسەریی پزیشکی ٧ کەس لە زیندانیانی سیاسیی ئەو زیندانە خۆ دەبوێرن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی \"رەجایی شاری کەرەج\"ەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو زیندانییانە باری تەندروستییان ناڵەبارە و پزیشک پێی راگەیاندوون کە ئەو نەخۆشییانە تەنیا لە دەرەوەی زیندان چارەسەر دەکرێن.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە کە \"میساق یەزدان نژارد\" تووشی نەخۆشیی \"فیتق\" بووە و پێوستە لەژێر چاوەدێری پزیشکی پسپۆڕدا چارەسەری بۆ بکرێت.

هەروەها \"عەلی‌ڕەزا کەرەمی خەیرابادی\"ش تووشی نەخۆشی \"هەناو\" و \"بەرموسوڵدان\" بووە و داوای لە بەرپرسانی ئەو زیندانە کردووە کەلە دەرەوەی زیندان چارەسەری پزیشکیی بۆ ئەنجام بدرێت.

لەلایەکی دیکەوە \"رەزا شەریفی بۆکانی\" و \"ناسێح یووسفی\" ئێسکی \"لووت\"یان شکاوە و پزیشکی ناو زیندان پێی راگەیاندوون کە دەبێ بە زووترین کات لە دەرەوەی زیندان و لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجام بدرێت.

\"ساڵح کوهەن‌دڵ\" کە بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری حوکم دراوە، زۆربەی ئەندامانی لەشی تووشی ئازار بوون و پێوستە بۆ تاقیکاریی تایبەتی نەخۆشیی \"شێرپەنجە\" رەوانەی دەرەوەی زیندان بکرێت.

هاوکات \"خالید حەردانی\" یەکێکی دیکە لە زیندانیی سیاسیی ئەو زیندانە، لەلایەن پزیشکی نێو زیندان پێی راگەیەندراوە، کە پێویستە بۆ تاقیکاری لەسەر ئێسکی \"دەم و چاو\"ی سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات.

ماوەیەک پێش ئێستا هەندێک لە سەرچاوە ناوخۆیییەکان بڵاویان کردەوە، کە بەهۆی هەڵسوکەوتی خراپ و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زیندانی رەجایی شاری کەرەج لەهەمبەر زیندانیاندا، بە شێوەی نێونجی لە هەر مانگێکدا ١٢ کەس لە زیندانیانی زیندانی رەجایی شاری کەرەج گیانیان لەدەست دەدەن.

بەپێی دوایین زانیارییەکان رێژەی زیندانیانی سیاسی لە زیندانی رەجایی‌شاری کەرەج لە ٧٠ کەس زیاترە.