دژکردەوەی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کانوونی پارێزەران بە گیانلەدەستدانی پێنج کۆڵبەر لە سنووری ورمێ

11:24 - 9 رێبەندان 2720

کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کانوونی پارێزەران لەمەڕ گیانلەدەستدانی ٥ کۆڵبەر لە سنووری ورمێ دژکردەوەی نیشان دا.

کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کانوونی پارێزەرانی ناوەند بە ئاماژەکردن بە "گیانلەدەستدانی ٥ کۆڵبەر لە سنووری ورمێ"، پێداگریی لە سەر ئەوە کردووە کە ڕەخساندنی هەلی کار و گارانتیکردنی مافی خۆشبژیویی ناوچە سنوورییەکانی ئێران، تەنیا چارەسەری کێشەی کۆڵبەرییە.

ئەو کانوونە مافی مرۆییەی پارێزەرانی ناوەندە، ڕایگەیاندووە: "بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ٥ هاووڵاتیی کۆڵبەر لە سنووری ورمێ، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ دەسەڵاتداران، ویژدانی گشتی نابێت بەهۆی زۆربوونی هەواڵی نیگەرانکەر، بەنیسبەت داواکارییەکان کەمتەرخەم بێت، ڕەخساندنی هەلی کار و گارانتیی مافی خۆشبژیویی هاووڵاتییان لە سەر بنەمای یاسای بنەڕەتی، ئەرکێکی سەرشانی دەسەڵاتدارانه و کەمتەرخەمی دەبێت بەدواچوونی بۆ بکرێت.

ئەو کۆمیسیۆنە مافی مرۆییە هەروەها دەڵێت: "کۆمیسیۆن وێڕای نیگەرانیی خۆی بەنیسبەت گیان و سڵامەتی و کەرامەتی هاووڵاتییان، کە لە ڕووی ناچارییەوە، بە کاری کۆڵبەری خەریکن، پێداگری دەکاتەوە کە کۆڵبەری پیشە نییە و دەبێت بە شێوی بنەڕەتی، نە سەرسەرەکی یان ئینتزامیی، لەگەڵ ئەو کێشەی بەرەڕوو ببینەوە و ڕێگا چارەی ئەو کێشەیە ڕەخساندنی هەلی کار و سەرمایەگوزاری لە ناوچە سنوورییەکانە.

کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کانوونی پارێزەران لە کۆتایی ئەو ڕاگەیەندراوەدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرانە کردووە.