بەندیخانەی قوروه؛ لەسێدارەدانی ئەفشین داوودی؛ لەسێدارەدانێک کە پاش پێنج مانگ بە میدیایی دەکرێ

10:30 - 28 جۆزەردان 2726

۲۷ی جۆەردانی ۱۴۰۵؛ پێنج مانگ پێش ئێستا، حوکمی لەسێدارەدانی بەندکراوێکی کورد بە ناوی "ئەفشین داوودی" کە بە تۆمەەتی "کوشتنی بەئەنقەست" بە قیساس مەحکووم کرابوو، لە بەندیخانەی قوروە جێبەجێ کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە بە کوردپای وت: "ئەفشین داوودی" تەمەن ٢٨ ساڵان، دانیشتووی دێولان و خەڵکی گوندی "گورگانە"، لە ڕێکەوتی ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٤دا بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە بەندیخانەی قوروە لە سێدارە دراوە، بەڵام بە هۆی پچڕانی ئینتێرنێت و سنوورداربوونەوەی پێوەندییەکان، هەواڵی لەسێدارەدرانی پاش پێنج مانگ و لە جۆزەردانی ١٤٠٥دا بەمیدیایی دەکرێت.

سەرچاوەکەی کوردپا سەبارەت بە دۆسییەی ئەفشین داوودی دەڵێ: ناوبراو لە خەرمانانی ١٤٠٢دا، نزیکەی کاتژمێر ٢ی نیوەشەو و پاش گەڕانەوە لە کێڵانی زەوییەکانی، لەکاتێکدا کە براکەی لە ماڵ نەبووە، زانیویەتی کەسێک بە ناوی "م.ص" دەچێتە ماڵی براکەی و لەگەڵی دەرگیر دەبێ. لەم دەرگیرییەدا کەسە ڕا دەکات.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم ڕووداوە پێوەندیی بە پرسی "دەستدرێژی" بۆ سەر براژنەکەی ئەفشین هەبووە و ئەم ژنە پاش ئەوە هەوڵی خۆکوژیی داوە و گیانی لەدەست داوە. ئەم ژنە دوو منداڵی بچووکی هەبووە. ئەم سەرچاوەیە دەڵێ کە ئەفشین داوودی چوار ڕۆژ پاش ئەم ڕووداوە، کەسی ناوبراوی کوشتووە.

ئەم سەرچاوەیە سەبارەت بە "م.ص" دەڵێ کە لە ڕەوتی پێڕاگەیشتنی یاساییدا، پرسی "مهدورالدم" (ڕشتنی خوێنی ئەم کەسە ڕێگەپێدراوە و بەپێی یاسا کەیفەرییەکان، کوشتنی سزای قیساس یان پێبژاردنی دیەی نییە.) بوونی کوژراوەکە لە گۆڕێدا بووە، بەڵام بە دەستێوەردانی کەسانێک لە هێزی ئینتیزامیی پارێزگای سنە و بە وتەی ئەو "سەرهەنگێک" کە خزمی کوژراوەکە بووە، دۆسییەکە بە شێوەی یەک لایەنە لە چوارچێوەی دەرچوونی حوکمی قیساس بۆ ئەفشین بەرەوپێش چووە و لە کۆتاییدا حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، یەکێک لە لێپرسەکانی دیوان باڵای وڵاتیش بە سەرنجدان بە دۆخی دۆسییەکە و ئیدعای بەرگری لە نامووس، بە پشتبەستن بە "مهدورالدم" بوونی کوژراوەکە، پێی وابووە دۆسییەکە دەکرێ کاری لەسەر بکرێ و باوەڕی بە هەڵوەشانەوەی بڕیاری دەرکراو بووە، بەڵام لە کۆتاییدا حوکمی قیساس پشتڕاست و جێبەجێ کراوە.

لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لەلایەن میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە یان سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕانەگەیەندراوە.
لە پێکهاتەی سزای قیساس لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، هەموو جۆرەکانی کوشتنی بەئەنقەست یەک سزایان هەیە، واتە "قیساسی نەفس" و هۆکارگەلی وەک بەرگریی ڕەوا، دەرگیریی نەخوازراو، دۆخی کاتی ڕوودانی کوشتنەکە، ئامانجی تۆمەتبارەکە یان دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتیی ئەو کەسە کاریگەرییەکی وای لە ئەسڵی سزاکەدا نییە.

جیانەکردنەوەی جۆرەکانی کوشتن، بەدەر لە توندی، سووکی و پاڵنەری ئەنجامدانی تاوانەکە، کە لە کۆتاییدا دەکرێت ببێتە هۆی دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدان لەلایەک، و سپاردنی مافی سەندنەوەی ژیان کەسوکاری کوژراو لەلایەکی دیکەوە، لەگەڵ بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی ئێران لەژێر ڕۆشنایی ماددەکانی ٦ و ١٤ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا، بەتایبەت مافی ژیان و مافی بەهرەمەندبوون لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە، لە ناكۆکیدایە. هەروەها ئەم پێکهاتەیە لەگەڵ ئەرکە سەروەرییەکانی دەوڵەت کە لە ئەسڵەکانی ٢٢ و ١٥٦ی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە بواری پاراستنی ئاسایشی گیانیی کەسەکان و بەدیهێنانی دادپەروەریی گشتیدا هاتوون، جێگای تێڕامان و سەرنجە.

له‌بەر ئەوەی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی ئەفشین داوودی تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن هیچکام لە میدیا نێوخۆییەکان یان سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕانەگەیەندراوە، ئەم شاردنەوە و ناروونییە، جیا لەوەی کە مافی چاودێریی گشتی و پشتڕاستکردنەوەی پرۆسەی دادگاییکردنەکە پێشێل دەکات، پێویستیی چاکسازیی بنەڕەتیی یاسایی لە بواری پلەبەندیی ئەو تاوانانەی دەبنە هۆی کوشتن و پێداچوونەوە بە پێکهاتەی ئێستای قیساس زیاتر لە هەمیشە دەخاتە بەرچاو.