بەندیخانەی مەشهەد؛ ۸ ساڵ بەندکران، لێدانی ٨٠ قامچی و ٢ ساڵ دوورخرانەوە بۆ سەید خەلیل ڕەسووڵی؛ ٥ مانگ بەندکران بە لاقی بریندار بە فیشەک و بەبێ چارەسەر

23:12 - 28 جۆزەردان 2726

۲۷ی جۆزەردانی ۱۴۰۵؛ پاش تێپەڕبوونی ٥ مانگ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "سەید خەلیل ڕەسوڵی" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆجنوورد و لە دەسبەسەرکراوانی بەفرانباری ١٤٠٤، ناوبراو بە بێ بەهرەمەندبوون لە مافی ئازادیی کاتی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، بە ٨ ساڵ بەندکرانی داسەپاو، لێدانی ٨٠ قامچی و ٢ ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری "خاش" مەحکووم کراوە و پاش ڕاگەیاندنی حوکمەکەی، بە مەبەستی جێبەجێکرانی لە بەندیخانەی بۆجنوردەوە بۆ بەندیخانەی وەکیل‌ئابادی مەشهەد ڕاگوێزراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت: "سەید خەلیل ڕەسووڵی" پاش دەسبەسەرکران، نزیکەی دوو مانگ لە شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و چارەنووسی بەتەواوەتی نادیار بوو پاش ڕاگوێزرانی بۆ بەندیخانەی بۆجنووردیش بە هۆی نەبوونی توانای دارایی بۆ دانانی بارمتە، لە مافی ئازادیی کاتی بێبەری کرا. ناوبراو لە هەموو ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بوو و لە کۆتاییدا حوکمی ٨ ساڵ بەندکرانی داسەپاو، لێدانی ٢٠ قامچی و ٢ ساڵ دوورخرانەوەی ناوبراو لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا بە شێوەی زارەکی لە بەندیخانەدا پێی ڕاگەیەندرا. هەروەها ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا بە هۆی تەقەی فیشەک لە لاقی بریندار کرابوو، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٥ مانگ هێشتا بە بێ پێڕاگەیشتنی پێویستی پزیشکی لە بەندیخانەدایە و فیشەکەکان لە لاقیدا ماونەتەوە.

ئەم سەرچاوەیە دەڵێ؛ ئەم حوکمە بۆ سەید خەلیل ڕەسووڵی لە ڕێکەوتی ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٥دا لەلایەن لقی دادیاریی ٤ی دادگای سزاکانی پارێزگای خوراسانەوە بەشێوەی ڕەها دەرچووە و چەند ڕۆژ پاش ڕاگەیاندنی زارەکیی حوکمەکە، بە سەرنجدان بە دەستڕانەگەیشتنی بە دەقی دادنامە و ڕاگەیاندنی زارەکیی ڕێژەی حوکمەکە بەم بەندکراوە سیاسییە، بە مەبەستی جیبەجێکرانی حوکمەکەی لە بەندیخانەی بۆجنووردەوە بۆ بەندیخانەی وەکیل‌ئاباد ڕاگوێزراوە.

بە سەرنجدان بە دەستڕانەگەیشتن بە دەقی دادنامەکە و ڕاگەیاندنی زارەکیی ڕێژەی حوکمەکە بەم بەندکراوە سیاسییە، ئەگەری هەیە ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ تۆمەتەکانی وەک "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" و بە سزای تەواوکەری دوورخرانەوە بەم حوکمە مەحکووم کرابێ.

بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، ئەم هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران لە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا، نزیکەی دوو مانگ لە شوێنێکی نادیاردا بوو و لەژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بوو، پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی بۆجنوورد کرا، بەڵام بە هۆی نەبوونی تاوانی دارایی بۆ دابینکردنی ٦ میلیارد تمەن بارمتە لە مافی ئازادیی کاتی بێبەری کرا. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە گرتنگە لە مافی هەر جۆرە پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ پاش ڕاگواستنی بۆ بەندیخانەی بۆجنوورد و ڕادەستکردنی دۆسییەکەی بۆ دادگاش، بە هۆی دۆخی نالەباری دارایی، نەیتوانی پارێزەر بگرێ و حکوومتیش خۆی پارێزەری بۆ دیاری نەکرد. لە ئاکامدا، بە بێ پارێزەر، لە کۆتاییدا لە بانەمەڕی ١٤٠٥دا بە ٨ ساڵ بەندکرانی داسەپاو و ٢ ساڵ دوورخرانەوە بۆ شاری "خاش" مەحکووم کرا و ئەم حوکمە بە شێوەی زارەکی لە بەندیخانەدا پێی ڕاگەیەندرا.

سەید خەلیل ڕەسووڵی شەوی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ بە هێرشی هێزە چەکدارە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا. لە کاتی دەسبەسەرکراندا، بە بێ ئەوەی کە بەرگرییەک بکا، بە تەقەی ئەنقەستی دوو فیشەکی دەمانچەی هیزە ئەمنییەتییەکان لە لاقی بریندار بوو و لە هەمان دۆخدا بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ناوبراو نزیکەی دوو مانگ لە شوێنێکی نادیاردا لێپرسینەوەی لێ کرا و ئەشکەنجە درا و لە هەموو ئەم ماوەیەدا لە مافی هەر چەشنە پێوەندییەک لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو. هەروەها هیچ پێڕاگەیشتنێکی پزیشکی بۆ لاقە بریندارەکەی نەکرا و دوو فیشەک هێشتا لە لاقیدا ماونەتەوە.

ئەم سەرچاوەیە سەبارەت بە دۆخی ناوبراو دەڵێ: "تەنانەت پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە و ڕاگوێزران بۆ بەندیخانەش بنەماڵەکەی نەیاندەزانی لە کوێ ڕاگیراوە تا ئەوەی کە لە ڕێگەی بەندکراوانی دیکەوە زانییان کە لە بەندیخانەدایە. هەروەها ناوبراو ئێستاش لە مافی چاوپێکەوتن بێبەری کراوە و لە باری جەستەییەوە دۆخێکی ناجێگیری هەیە. بە هۆی مانەوە دوو فیشەکەکە، بەرەوڕووی ئازاری زۆر، ئاوسان و شەلەشەل بووەتەوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە مانگەکانی سەرەتاییدا،لاقی چڵکی کردبوو و بێهداریی بەندیخانە تەنیا بۆ کۆنتڕۆڵی خوێنڕێژی و چڵکەکەی دەرمانی ئازارشکێنی پێ دابوو. هەرچەندە چڵکەکە کەم بووەوە بەڵام، ئاوسانی لاقی، ئازارەکەی و کێشەی ڕێگەچوونی هیشتا درێژەی هەیە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها دەڵێ: "لە بەندکراوانی نێو بەندیخانەم بیستووە کە سەبارەت بە بریندارە دەسبەسەرکراوەکان بڕیاری ئەمنییەتی دراوە کە تەنیا چارەسەری سەرەتاییان بۆ بکرێت و بێهداریی بەندیخانە ئیزنی پێڕاگەیشتنی پسپۆڕانە یان ڕاگواستنی ئەم بەندکراوانەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان نییە."

بە وتەی بنەماڵەی ناوبراو، بنەماڵەی سەید خەلیل ڕەسووڵی لە ماوەی ٥ مانگی ڕابردوودا سەردانی ناوەندە جیاوازەکانیان کردووە و سەبارەت بە پێڕراگەیشتنی پزیشکی بەدواداچوونیان بۆ کردووە، بەڵام هیچ بەرپرسێک وڵامدەر نەبووە و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتیشدا لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بەشێوەی هەڕەشەئامێز هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە و دەر کراون.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: "بنەماڵەکەی پاش ڕاگواستنی ناوبراو بۆ بەندیخانەی وەکیل‌ئابادی مەشهەدیش بۆ بەدواداچوونی دۆخی دەرمانی ناوبراو سەردانیان کردووە، بەلام بەرپرسانی بەندیخانە لە وڵامدا وتوویانە: "چاک ئەبێتەوە، چەند مانگ تێپەڕیوە، ڕا دێت." ئەم ڕستانە بە شێوەیەکی بێڕێزیکەرانە و گاڵتەئامیز بە بنەماڵەکەی وتراون.

هەروەها بە وتەی بنەماڵەکەی، دادستانی خوراسان لە وڵامی بەدواداچوونەکانیاندا پێی وتوون: "شوکری خودا بکەن، بە دوای گێچەڵدا مەچن. لێگەڕێن با ماوەی بەندکرانەکەی تەواو بێت و تەمبێ بێت و کە هاتە دەرەوە بژیت. ئێستا باشە ، بە دوای چیدا دەگەرێن؟"

سەید خەلیل ڕەسووڵی لە نێو بەندیخانەی وەکیل‌ئابادیشەوە سەبارەت بە دۆسییە و دۆخی جەستەیی خۆی نامەیەکی بۆ دیوانی باڵای وڵات ناردبوو، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ وڵامێکی وەرنەگرتووەتەوە.

سەید خەلیل ڕەسووڵی سەڵتە و پاش مەرگی باوکی، سەرپەرستی دایکە بەساڵاچووەکەی خۆی لە ئەستۆ بووە. پاش دەسبەسەرکرانی ناوبراو، دایکیشی تووشی نەخۆشی بووە. بنەماڵەی ناوبراو لە باری ئاوورییەوە لە دۆخێکی نالەباری ئابووریدان، کرێچین و دایکە بەساڵاچووە نەخۆشەکەیو بە بێ سەرپەرست ماوەتەوە.