دێهلۆڕان/ئیلام؛ دەسبەسەرکرانی توندوتیژی موجتەبا کاکایی و ڕاگواستنی بۆ شوێنێکی نادیار
۲۹ی جۆزەردانی ۱۴۰۵؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییان لە پارێزگای ئیلام، "موجتەبا کاکایی" هاووڵاتیی تەمەن ٤٠ساڵانی خەڵکی دێهلوڕان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتراستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ شەوی چوارشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەتییەکان بە هێرش بۆ سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە، بە بێ بەڵگەی یاسایی، ناوبراویان بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە ئەم دەسبەسەرکرانە، هەڕەشە و ترساندنی ئەندامانی بنەماڵە و هەروەها لێدان و توندوتیژی دژی موجتەبا کاکایی لەگەڵ بووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکرانەوە لە مافی پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.