دژبەرانی داعش لە سەرپێڵی زەهاو درانە بەر دەستڕێژی گوللـە

19:32 - 4 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: لە یەکێک لە شارەکانی ئوستانی کرماشان، کەسانی سەربە \"دەوڵەتی ئیسلامی\" ناسراو بە (داعش)، ماڵی هاووڵاتییەکی کوردیان دایە بەر رەهێڵەی گوللـە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ چەند کەسێکی چەکدار لە سەرپێڵی زەهاو زیاتر لە ٥٠ گوللـەی کلاشینکۆفیان بە حەوشەی خانووی هاووڵاتییەکەوە ناوەو ئەمەش ترس و نیگەرانیی هاووڵاتییانی لێکەوتۆتەوە.

ئەو رووداوە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سەرپێڵی زەهاو هاتۆتە ئاراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەرپێڵ زەهاو وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی ئەو هێرش کردنە، رایگەیاند؛ لایەنگرانی داعش لە سەربانی خانووی ئەو هاووڵاتییە کوردەوە زیاتر لە ٥٠ گوللـەیان بەرەوی حەوشەی خانووەکە تەقاندووە و پاشان شوێنەکەیان بەجێهێشتووە.

دەگوترێ، ئەو کەسانە هەرچەند شوناسیان ئاشکرایە، هەڕەشەیان کردووە، کە ئەندامانی ئەو بنەماڵە \"کافرە\" دەبێ بەهۆی کردەوەکانیانەوە سزا بدرێن.

\"22871.jpg\"
ئەو تەقە کردنە هیچ زیانێکی گیانی بەودواوە نەبووە، بەڵام دوو ماشێنی شەخسیی ئەو بنەماڵە کوردە بەهۆی ئەو تەقە کردنەوە تووشی زیان بوونە.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە؛ چەند رۆژ پێش ئێستا لە کۆبوونەوەیەکدا بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە خەڵکی کۆبانی و مەحکووم کردنی هێرشی چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامی بەڕێوەچوو، کە لەلایەن هاووڵاتییانی کوردەوە پێشوازیی لێکرا.

ئەو سەرچاوەیە هۆکاری ئەو تەقە کردنەوە بۆ \"پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی\" و دەربڕینی ناڕەزایەتی بە کردەوەی چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامی\" گەڕاندۆتەوە.

هێرشی لایەنگرانی داعش لە ناوچە سنوورییەکانی کرماشان لە کاتێکدایە، کە ماوەیەک پێش ئێسترا ئوستانداری کرماشان رایگەیاندبوو؛ \" گرووپێکی وەکوو داعش لە ئێران ناتوانێ بچووکترین جووڵەی هەبێت و و هێزە ئەمنییەکان بە وردی لەو ناوچانە بەتایبەت لە کرماشان چاوەدێرییان هەیە\"

چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامی لە ئێستادا کەمتر لە ٤٠ کیلۆمیتر لەگەڵ ناوچەی سەرپێڵی زەهاو مەودایان هەیە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە شوناسی هێڕشەرانی ئەو رووداوەی شاری سەرپێڵ زەهاو ئاشکرا نەکراوە.