دژایەتیی بەرپرسانی زیندانی ورمێ لەگەڵ زیندانییەکی سیاسیی کورد بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی

14:36 - 1 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ورمێ، لەگەڵ چارەسەریی پزشکیی زیندانییەکی سیاسیی کورد، لە دەرەوەی زینداندا دژایەتی دەکەن.

\"حەسەن پەیغامی\"، زیندانیی سیاسیی کورد، لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا، بە هۆی دژایەتی بەرپرسانی زیندان، بۆ چارەسەریی پزشکی ئیزنی مەرەخەسی پێ نادرێت.

بارودۆخی تەندروستیی ئەو زیندانییە سیاسییە، بە هۆی نەبوونی دەوا و دەرمان و نەبوونی ئیمکاناتی کەمی بێهداری، خراپ ڕاگەیەندراوە.

پزیشکەکانی بێهداری جەختیان کردووەتەوە، ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ چارەسەریی پزیشکی لە دەرەوەی زیندان، دەبێ مەرەخەسی پێ بدرێت.

\"تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان\"، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە: \"حەسەن پەیغامی، تەمەن ٤٥ ساڵ، دەورانی مەحکوومیەتی خۆی لە زینداندا تێپەڕ دەکات و نەخۆشیی دڵی هەیە، کە هەتا ئێستا چەندین جار دڵی نەشتەرگەری بۆ کراوە\".

ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیتلاعاتی سپای ورمێ، فەرهاد پەیغامی، خوێندکاری کورد لە بەشی ڕشتەی معماریی زانکۆی ورمێ دەسبەسەر کرد، کە دواتر حەسەن پەیغامی باوکی فەرهادیش دەسبەسەر کرا.

ئەو دوو زیندانییە کوردە، دوای ١٢ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، مانگی خەرمانانی ئەمساڵ لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ دادگایی کران. لەو دادگایەدا فەرهاد پەیغامی لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دەربازی بوو و حەسەن پەیغامی بە تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی بە ٣٠ مانگ زیندان مەحکووم کرا. پاشان ئەو حوکمەی حەسەن پێغامی لە لقی ٣ی دادگایی پێداچوونەوی ورمێ بۆ یەک ساڵ زیندان کەم کرایەوە.