دژایەتیی بەرپرسانی زانکۆی کرماشان لەگەڵ دامەزرانی سی ئەنجومەنی فەرهەنگی

14:28 - 11 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: شۆرای فەرهەنگیی زانکۆی رازیی کرماشان، دژایەتیی خۆی لەگەڵ سێ ئەنجومەنی فەرهەنگی و هونەری لەو زانکۆیەدا دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا خوێندکارانی زانکۆی رازیی کرماشان بۆ دامەزراندنی سێ ئەنجومەنی فەرهەنگی و هونەری داوای مۆڵەتیان لە شۆرای فەرهەنگیی ئەو زانکۆیە کردبوو، داواکەیان رەت کرایەوە.

بەرپرسانی شۆرای فەرهەنگیی زانکۆی رازی لە وڵامی ئەو خوێندکارانەی کە خوازیاری دامەزراندنی ئەو سێ ئەنجومەنە فەرهەنگییە بوون، رایانگەیاندووە؛ \"ئێمە پێویستیمان بە هەبوونی ئەو جۆرە ئەنجومەنانە لە زانکۆدا نییە\".

ماڵپەڕی خوێندکار، کە هەواڵی تایبەت لەسەر پرسی خوێندکار و چالاکیی خوێندکاران بڵاو دەکاتەوە؛ لەو بارەیەوە بڵاوی کردۆتەوە؛ بەرپرسانی بەشی کاروباری فەرهەنگی لەمەڕ هێنانە بەرباسی دامەزراندنی ئەنجومەنێکی شانۆ، بەو خوێندکارانەیان گوتووە: \"لە دەرەوەی زانکۆ بکەونە شوین کاری شانۆ، چونکە شانۆکان لە کوڕ و کچان پێک دێن، ناکرێ لە زانکۆدا نمایش بکرێن\".

سەرچاوەکە نووسیویەتی داواکاریی خوێندکاران بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی مۆسیقاش بەهۆی دژایەتیی بەشی فەرهەنگیی ئەو زانکۆیەوە، لە شۆرای فەرهەنگیی زانکۆی رازیدا نەهاتۆتە بەرباس.

دژایەتی کردن لەگەڵ داواکاریی خوێندکاران بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی فەرهەنگی لە زانکۆی رازی لە کاتێکدایە، کە بەرپرسی ئەو زانکۆیە گۆڕدراوەو بە گوتەی خوێندکارانی ئەو زانکۆیە، بەرپرسی نوێی زانکۆش هاوشێوەی بەرپرسی پێشوو دژایەتیی چالاکییە خوێندکارییەکان دەکات\".

دەگوترێ، بەرپرسانی بەشی فەرهەنگیی ئەو زانکۆیە، تەنیا بە مەرجێک مۆڵەتی بە دامەزراندنی ئەنجومەنێکی ئیسلامیش دابوو، کە بە گوتەی خۆی چاوی بە دامەزرێنەرانی ئەو ئەنجومەنە کەوتبوو.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردووشدا، سەرەڕای ئەوەی چەندین بڵاوڤۆکی وەک \"بێستوون \" و \"داڵ‌ماد\" لە زانکۆی رازیی کرماشان داخران، ژمارەیەک لە چالاکانی خوێندکاریش، کە خوازیاری چاپی سەرلەنوێی بڵاڤۆکی \"چرۆ \" لە زانکۆی رازیدا بوون، لەلایەن بەشی فەرهەنگی و حەراسەتی ئەو زانکۆیەوە داواکەیان رەت کرایەوە.