دژایەتیکردن لەگەڵ داخوازیی زیندانییەکی سیاسیی کورد

12:18 - 8 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: لەگەڵ گواستنەوەی زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، بۆ زیندانی شوێنی نیشتەجێبوونی دژایەتی کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، داخوازیی گواستنەوەی زیندانییەکی کورد بە ناوی "فەخرەدین ئاسریس"، کوڕی "عەلی"، خەڵکی شاری شنۆ، بۆ زیندانی شوێنی لەدایکبوونی ڕەت کرایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ، لە مافی مورەخەسی و ئازادیی بێمەرج بێبەرییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێوە، چەند ڕۆژ پێش، داواکاریی گواستنەوەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بۆ زیندانی شاری نەغەدە ڕەت کراوەتەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە لقی دووی دادگای ورمێ، بە سەرۆکایەتیی "دادوەر شیخلوو"، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و پاش ناڕەزایەتی دەربڕین بەو حوکمە، حوکمی ناوبراو لە دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ، بە سێ ساڵ زیندانیی تەعزیری، کەم کرایەوە.

هاوینی ساڵی ٩٦، ئەو زیندانییە کوردە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری شنۆ دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای سەیدوشوهەدای ورمێ کرا.

ئەو زیندانییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزراو و لە بەندی زیندانییانی عادی ڕاگیرا.