دژایەتی ئیتلاعات بۆ قسە کردن لە سەر کەسایەتی سارمەدین سادق وەزیری

16:23 - 1 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دژایەتی خۆی بەرامبەر بە لێدوانی چالاکانی سیاسی لە سەر کەسایەتی سارمە‌دین سادق وەزیری، لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ناوبراو دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی سارمەدین سادق وەزیری، مافناس و کەسایەتی ناوداری کورد بەبەشداری ژمارەیەک لە خەڵک و چالاکانی مەدەنیی و سیاسی کورد لە مزگەوتی \"النبی\" لە شاری سنە بەڕێوەچوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا، ئیداری ئیتلاعاتی شاری سنە لەگەڵ قسە کردن لە سەر کەسایەتی سارمە‌دین سادق وەزیری لەلایەن چالاکانی سیاسی دژایەتی کرد.

سارمە‌دین سادق وەزیری مافناس، سیاسەتمەدار، دادوەر و پارێزەری دادگوستەری و دامەزرێنەری کۆمەڵەی کوردەکانی دانیشتووی تاران بووە. ناوبراو لەگەڵ هەیئەتی وتووێژکاری دەوڵەتی کاتیی هاتە کوردستان و پێشنیاری دامەزرانی شۆرای شاری سنەی کرد و ئەو پێشنیارەش قەبووڵ کرا.

ناوبراو یەکێک لە کەسایەتییە شوێندارەکانی هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد بە سەرپەرەستی مامۆستا شێخ عێزەدین حوسێنی لە وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی کاتیی بووە.

ناوبراو هەروەها داڕێژەری پێشنووسی گەڵاڵەی ٢٦ ماددەیی لە داواکارییەکانی گەلی کورد بوو کە هەیئەتی نوێنەرانی گەلی کورد لە وتووێژ لەگەڵ دەوڵەت پێداگریان لە سەر بەڕێوەچوونی کردبوو.
سارمە‌دین سادق وەزیری خاوەنی چەند بەرهەم و کتێبە.