دژایەتی یارسانەکان لەگەڵ دانانی کامێرا لەسەر گۆڕی باوەیادگار

14:53 - 4 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: دانانی کامێرای ڕاستەوخۆ لەسەر گومەزی باوەیادگار، لەگەڵ دژایەتی هاووڵاتییانی یارسان و ئیدارەی کەلەپووری فەرهەنگیی داڵاهۆ بەرەڕوو بوونەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی ئەوقافی شاری شائاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، هەوڵی دانانی کامێرای ڕاستەوخۆی لەسەر گومەزی باوەیادگار دەدات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حکوومەتی ئێران بە ئیدارەی ئەوقافی شاری شائابادی رایگەیاندووە، هەتا گومەزی باوەیادگار بە دڕێڵێکی گەورە کون بکەن و کامێرای تێدا دابنێن، کە لەگەڵ دژایەتیی ڕێکخراوی کەلەپووری فەرهەنگیی شاری داڵاهۆ و هەروەها خەڵکی ئەو ناوچەیە بەڕەوڕوو بوونەوە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: ئیدارەی کەلەپووری فەرهەنگی و خەڵک هەتا ئێستا توانیوانە پێش بە بەڕێوەچوونی ئەو گەڵاڵەیە بگرن، بەڵام ڕوون نییە هەتا چ کاتێک دەتوانن، لە بەرانبەر ئەو بڕیارەی ئەوقاف ڕاوەستن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: بینای گۆڕی باوەیادگار بەشێک لە بیناسازیی ڕەسەنی یارسانە و گومەز و بارەگاکەی، کەلەپووری فەرهەنگیی ناوچەکە و هەروەها فەرهەنگی یارسانەکان بە ئەژمار دێت، داوا لە ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی جیهانی دەکەین، پێش بەو گەڵاڵەی حکوومەتی ئێران بگرن.

گۆڕی باوەیادگار لە گوندی \"بان زەردە\" لە داوێنی شاخی داڵاهۆ و لە نزیک شاری کرند ناوەندی شاری داڵاهۆ هەڵکەوتووە.