دژایەتی چەندجارەی ناوەندە قەزاییەکانی ئێران لەگەڵ ئازادیی دوو زیندانیی سیاسیی کورد

14:15 - 3 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان دوای تێپەڕاندنی نیوەی حوکمەکەیان لەزیندانی شاری مەهاباد، لەلایەن ناوەندە قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە رێگری لە ئازادبوونی مەرجدارییان کراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قاسم رەحیمی ئازەر و جەلال ناسری بۆ جارێکی دیکە داوای ئازاد بوونی مەرجدارییان لە بەرپرسانی زیندانی شاری مەهاباد و دەزگای قەزایی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا کردووە، بەڵام ئەو داوایە لەگەڵ دژایەتیی بەرەوڕوو بۆتەوە.

قاسم رەحیمی ئازەر و جەلال ناسری هاوڕێ‌لەگەڵ سێ‌کەسی دیکە، ١٦‌ی رەشەممەی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری بۆکانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی سیاسیی دژبەری حکوومەتی ئێران دەسبەسەر کران.

ئەو دوو هاووڵاتیە دوای راگرتنیان بۆ ماوەی نزیک بە سێ‌ مانگ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات و زیندانی ناوەندی شاری بۆکان بە بارمتە ئازاد کران و دواتر لەرێکەوتی ١٩ی رەزبەری ساڵی ٩٠دا لەدادگای \"ئینقلاب\"‌ی شاری مەهاباد سەرجەم بە ١٣ ساڵ زیندان مەحکووم کران.

حوکمی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە دواتر لەدادگای پێداچوونەوەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا، کرایە ٤ ساڵ زیندان بۆ هەر کامەیان و ئەو سێ هاووڵاتییەی دیکەش کە ناوەکانیان بریتین بوو لە: ناسر ناسری، ئیدریس بۆڕنا و ئیدریس ئاگ هەر کام بە یەک ساڵ زیندان حوکم دران و رێکەوتی ١٥‌ی خاکەلێوەی ئەمساڵ دوای کێشانی حوکمەکەیان ئازاد کران.

بەپێی \"مادەی ٣٨ لەیاسای سزادانی ئیسلامیی\" هەر زیندانییەک کە پێشتر دۆسیەی قەزایی نەبێت و نێوەی حوکمەکەی تێپەڕ کردبێت، دەتوانێ کەڵک لەیاسای مەرجدار وەربگرێ ‌و ئازاد بکرێت.

هەر بە پێی هەمان یاسا \"قاسم رەحیمی ئازەر و جەلال ناسری\" یاسای مەرجدار دەیانگرێتەوە و بە وتەی چالاکانی مافی مرۆڤ، ناوەندە ئەمنیەتیی ـ قەزاییەکانەکان رێگری لە ئازادبوونیان دەکەن.

لەحاڵی حازردا ئەو دوو گیراوە سیاسییە ماوەی ٣٠ مانگ لە حوکمەکەیان تێپەڕ کردووە و لەو ماوەیەدا فشار و گوشاری ناوەندە ئەمنیەتیی و لێپرسراوانی زیندانیان لەسەر بووە و ماوەیەکیش دەستیان دابوویە مانگرتن.