دژایەتی دادستانی تاران بۆ ئازادی مەرجداری کەبوودوەند

13:49 - 13 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: دادستانی تاران بە ئازادی مەرجداری محەممەد سدیق کەبوودوەند چالاکی مافی مرۆڤ و دامەزرێنەری رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان دژایەتی کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادستانی تاران لەگەڵ داواکاری بەرپرسی زیندانی ئەوین، سەبارەت بە بارودۆخی زیندانی محەمەد سدیق کەبوودوەند و گۆرینی بە ئازادی مەرجدار دژایەتی خۆی دەربڕی.

دەوترێ، بەرپرسی زیندانی ئەوین لە کۆتایی مانگی رابردوودا لە دادستانی تاران داوای کردبوو ئاڵوگۆر بە سەر باودۆخی زیندانی محەمەد سدیق کەبوودوەند بێنێت و بە شێوەی مەرجدرا ئازاد بکرێت.

ماڵپەڕی رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان لەم بارەیەوە راگەیاندووە: لە وڵامی داوکاری بەرپرسی زیندانی ئەوین، دادستانی تاران وتوویەتی: داوکاری ئێوە لە رێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٩٤هەتاوی، سەبارەت بە ئازادی بە شێوەی مەرجداری محەممەد سەدیق کەبوودوەند دژایەتی کراوە.

محەممەد سەدیق کەبوودوەند، رۆژنامەنووس و سەرنووسەری حەفتەنامەی \"پیام مردم\" و دامەزرێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، مانگی پووشپەڕی ساڵی ٨٦ دەستبەسەر و دوای ماوەیەک زیندانی و دەستبەسەری، لەلایەن دەزگا قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ١١ ساڵ زیندانی حوکم درا.

کەبوودوەند لەماوەی دەستبەسەریدا لە زیندان \"ئێڤین\"ی تاران دوو جار تووشی جەڵتەی دڵ و جارێکیش تووشی جەڵتەی مێشک هاتووە.

دامەزرێنەری رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان زۆرجار وتوویەتی: زیندانی کردنی کەبوودوەند نایاساییە و دژایەتی لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتییە و ئازاد کردنی کەبوودوەند دەبێ بێ مەرج بێت.