دوکتور "ڕەشید کرمانج" بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

11:18 - 13 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی زانکۆ، خەڵکی شاری بۆکان، لە لایەن دادگای کەیفەری ئەو شارەوە بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی شاری بۆکان "دوکتور ڕەشید کرمانج"، مامۆستای زانکۆی بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرد.

ئەو مامۆستای زانکۆیە بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری نیزام و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تاوانبار کراوە.

ئەو مامۆستا کوردە، سەبارەت بەو حوکمە ناڕەزایەتی دەربڕیوە و دۆسییەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە کراوە.

دوکتور "ڕەشید کرمانج" مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و پاش لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرا.

ئەو مامۆستای زانکۆیە، دەرچووی قۆناغی دوکتورای وێژەی زمانی فارسی لە مۆسکۆ بووە و لە زانکۆکانی مەهاباد، سەقز، بۆکان و زانکۆی سۆران لە هەرێمی کوردستاندا وانەی وتووەتەوە.

دوکتور "ڕەشید کرمانج"، هەنووکە نیشتەجێی شاری مەهابادە و لە وانەوتنەوە، بێبەری کراوە.