دوکتور مەولوود: نەورۆز لە سەرەتاوە لە كوردستان سەری هەڵداوە و دواتر بە دونیادا بڵاو بۆتەوە

13:39 - 25 رەشەمه 2711
نەتەوەكانی رۆژهەڵات مافی خۆیانە جەژنی نەرورۆز بگرن و بەهی خۆیانی بزانن، بەڵام راستییەك هەیە و نابێ كەس بە هەندی نەگرێ، ئەویش ئەوەیە نەورۆز لە سەرەتاوە لە یەك شوێن و لە یەك زەمەن و لەناو یەك نەتەوەسەری هەڵداوە و ئەویش لە كوردستان و لەنێو نەتەوەی كورد بووە و بەرلە 10 هەزار ساڵ زیاترە.

لە بەربەری جێژنی نەورۆزدا ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بە مەبەستی تاوتوێی زیاتری ئەم پرسە و دەرخستنی راستی و لایەنە شاراوەكانی ئەم بۆنە گرینگە وتووێژێكی تایبەتی لەگەڵ دوو مامۆستای شارەزای مێژوو و توێژەری بواری نەورۆز پێكهێناوە کە بە دوای یەکدا بڵاویان دەکەینەوە.

وتووێژی تایبەتیی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لەگەڵ دوکتور مەولوود ئیبراهیم حەسەن، مامۆستای زانستگای سەلاحەدین، لێكۆڵەر و پسپۆڕ لە ئەفسانەی مێژوو و ئەفسانەی كوردی سەربارەت بە نەورۆز.

كوردپا: بە درێژایی مێژوو نەورۆز لەناو نەتەوەی كورد وەكوو \"نەورۆزی كوردان\" ناسراوە، لە هەمان حاڵدا لەلای نەتەوە و گەلانی ئێران بە تێكڕا و وڵاتانی دەورووبەر وەكوو \"تاجیكستان، توركەمەنستان، ئازەربایجان و ئەفغانستان\"یش بەڕێوە دەچێت، لەبەرچی جێژنی نەورۆز لەناو ئەو هەموو نەتەوانە بەڕێوە دەچێت و هاوكاتیش هەموان بە جێژنی رەسەنی خۆیانی دەزانن، مەسەلەی سەرەكی و راستیی ئەم پرسە لە كوێ‌دایە؟
دوکتور مەولوود ئیبراهیم حەسەن: لەوەی كە نەورۆز لە ناو كوردان بە (نەورۆزی كوردان) ناسراوە، ئەمە لەخوڕا دروست نەبووە. نەورۆزیش وەك هەر رووداوێكی مێژوویی، شوێن و زەمەن و كاراكتەری روودانی خۆی هەیە. نەورۆز لە سەرەتاوە لە كوردستان سەری هەڵداوە و بۆ داستانی (ئیننانا و دەمموزی) واتە (عەشتار و تەمموز) دەگەڕێتەوە. زەمەنی سەرهەڵدانیشی، بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی (كشتوكالی ئەشكەوت) دەگەڕێتەوە، كە زەمەنەكەی لە نێوان 10 هەتا 12 هەزار ساڵ پێش ئێستایە ئەو داستانەش لە نێوان باپیرانی سۆمەری پێش چوونە خوارەوەیان بۆ ناوەراست عێراقی ئێستا پەیدا بووه. هەر بۆیە نەورۆز لە كوردستانەوە سەری هەڵداوە هەر لە كوردستانیشەوە بە دونیادا بڵاو بۆتەوە. بۆ نەورۆزی كوردانیش هۆی ئەوەیە، هەر جێزنێك لە نێو هەر وڵات و هەر میلەتێك سەر هەڵبدا ئەوە بە هی ئەو میلەتە دەناسرێ، (سەیر كە \"جیمس مۆیەر\"لێكۆڵەری فەرانسی): ساڵی 1812 زایینی لە كوردستان، كوردەكان دەبینێ خەریكی پێشوازی كردنن لە جێژنیك. دەپرسێ ئەوە چ جێژنێكە؟ خەڵكەكە دەڵێن: ئەوە جێژنی كوردانە هەروەها هیزی فرانكفۆرت، شوێنەوارناسی ئاڵمانی لە ساڵی 1930 زایینی لە نزیك مووسڵ خەریكی پشكنینی شوێنێكی شوێنەوارناسی دەبێ، لە شەوی نەورۆزدا دەبینێ كرێكارە كوردەكان جۆرە گەمە و نواندنێك دەكەن ئەو گەمە و نواندنە زۆر لە رێوڕەسمی ژیانەوەی تەمموزی دەچێ. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی كە لێكۆڵینەوەیەك بنووسێ بەناوی (گقوس تمموزیەنی كردستان؛ Tammuz rituals in kurdistan) لەمەشدا بۆمان روون دەبێتەوە كە نەورۆز و زیندوو بوونەوە تەمووز، هەر دووكیان یەك شتن ئەو شتەش نەرۆزە نەورۆزیش نەورۆزی كوردانە. ئەگەر لەسەر قسەی هیزی فرانكفۆرت زیندوو بوونەوەی تەمووز جێژنی نەورۆزە و نەورۆزیش جێژنی كوردانە، ئەوە رۆژی جێژنەكەش هەر هەمان رۆژی زیندوو بوونەوەی تەمووزە و ئەو رۆژەش سەری ساڵی سۆمەرییەكان بووە ئێستاش سەری ساڵی كوردانە لە وەڵامی ئەوەشدا كە زۆر وڵات میللەت جێژنی نەورۆز دەكەن بە هی خۆیان و ئەمە كاریكی ئاساییە، هۆیەكەشی ئەوە یەكە جێژنی نەورۆز تەمەنێكی زۆری هەیە و كۆنترین جێژنی هەموو مرۆڤایەتییە. هەر یەك لەو وڵاتانەی كە ناوت هێنان زیاتر لە هەزار سالە نەورۆز پیرۆز دەكەن هەر میللەتێكیش هەزار ساڵ و زیاتریش بەردەوام جێژنی ساڵانە، جێژنی نەورۆز بگێڕێ مافی خۆیەتی بە هی خۆی بزانێ، بەڵام راستییەك هەیە و نابێ كەس بە هەندی نەگرێ، ئەویش ئەوەیە نەورۆز لە سەرەتاوە لە یەك شوێن و لە یەك زەمەن و لەناو یەك میللەت سەری هەڵداوە و ئەویش لە كوردستان و لەنێو نەتەوەی كورد بووە و بەرلە 10 هەزار ساڵ زیاترە.
كوردپا: ئەو بەڵگە و فاكتە سەلمێنراوا و مێژووییانەی كە نەورۆز بە كوردەوە پێوەند دەدەن كامانەن و لە بەرامبەردا ئاخۆ بەڵگەی سەلمێنراو لەبەر دەست دان كە مێژوونووسانی نەتەوەكانی تر ویستوویانە كورد و نەورۆز لە یەكتر داببڕن؟
دوکتور مەولوود ئیبراهیم حەسەن: بەڵگەی ئەوەی كە نەورۆز پێوەند دەدەن بە میللەتی كورد، ئەوە بەڵگە زۆرەئەوە راستییەكە كە داستانی (تەمموز و عەشتار) بەردەوامی (ئیننانا دەمموزی) سۆمەرییە. سۆمەرییەكانیش ئەو مرۆڤانەن كە لە چیاكانی زاگرۆسەوە چوونەتە خوارەوە، ئەم رایەش بۆ پێشینەی سۆمەرییەكان لە هەموو رایەكانی تر پـڕ بەڵگەترە كە بۆ پێشینەی سۆمەرییەكان دروستیان كردووەن هەولێر - ئەربیل كۆنترین شارە و هەر باپیرانی سۆمەرییەكان دروستیان كردووە، پێش چوونە خوارەوەیان بۆ ناوەڕاستی عێراقی ئێستا ئەوەندەش كە لێكۆڵەران بەڵگەی پێوەندیی نێوان سۆمەرییەكان و كوردیان لەبەر دەستە! بۆ هیچ نەتەوەیەكی دیكە لەبەر دەستدا نیە لێكۆڵەران بۆ پێوەندیی كورد و سۆمەر زۆر رای جوان و بەلگەی زانستی دەهێننەوە. خۆشبەختانە زۆربەی ئەو لێكۆڵەرانەش خەڵكانی غەیرە كورد و رۆژئاوایین، كورد بەگشتی چونكە مێژووی خۆی بە وردی ناخوێنێتەوە زۆر جار توانای ئەوەی نیە كە باوەڕ بەڕای لێكۆڵەرانی غەیرە كوردیش بكات هەتا ئێستاش زۆربەی رووناكبیر و ئاكادێمییەكانمان نەیانتوانیوە لە كاریگەریی رایە چەوت و مەبەستدارەكانی ناحەزان رزگاریان ببێ. مێژوونووسێك دەنووسێ، هیچ نەتەوەیەك ئەوەندەی نەتەوەی كورد بە دەستی ئەنقەست مێژووی نەشێوێنراوە. بەداخەوە هەتا ئێستا زۆربەی ئاكادمی و رۆشنبیرانمان نەیانتوانیوە لە كاریگەریی ئەو شێواندنە رزگاریان ببێ.
بۆ وەڵامی ئەوە كە ئایا بەڵگە لەبەر دەستەكە نەتەوەكانی‌دئكە ویستوویانە نەورۆز و كورد لە یەكتر دابـڕن، لە وەڵامدا دەبێ بڵێین ، بەڵێ، بەڵگە لەبەر دەستە هەر بۆ نموونە لە ساڵی 2010دا زایینی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان جیژنی نەورۆزی كرد بە جێژیكی جیهانی، لەم كارە مێژوویی و گرنگەدا ئێران توانی لە بـڕیارنامەكەی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان نەورۆز بە جیژنیكی ئیرانی ــ فارسی بناسێنێ لەنێو بـڕیارنامەكەدا بیچەسپینێ. لەسەر ئەمەش شەڕە دندووك ــ شەڕی راگەیاندن كەوتە نیوان چەند دەوڵەتێك وەك ئیران و تاجیكستان و ئەفغانستان و توركمەنستان و توركیە كە هەر یەك لەو وڵاتانە نەورۆزی بە هی خۆی دەزانێ هەتا لە رۆژی واژۆ كردنی بـڕیارنامەی بەجیهانی كردنی جێژنی نەورۆز هەر یەك ئەفغانستان و تاجیكستان چوونە دەرەوە و واژۆیان نەكرد جگەلەوەش ئیران هەموو ئەو وڵاتانەی بە (شەیتانی دز!!) ناو بردووە كە بە ئێرانی بوونی نەورۆز رازی نەبوون. لەوەش سەرتر توركیە ئەو توركیەی كە هەشتا ساڵە كورد دەكوژێ و ئاگری نەورۆز دەكوژێنێتەوە ئەویش نەورۆز بە هی خۆی دەزانێ‌!؟ كە بە ئێرانی بوونی نەورۆز رازی نەبوون لەوەش سەیرتر توركیە ئەو توركیەی كە هەشتا ساڵە كورد دەكوژی و ئاگری نەورۆز دەكوژێنێتەوە ئەویش نەورۆز بە هی خۆی دەزانێ ئەوەش كە لەم ناوەدا دەنگ و رەنگی نییە نەتەوەی كوردە، كوردی خاوەنی راستەقینەی نەورۆز. ئێستا نەورۆز داگیر كراوە، وەك هەر پارچەیەكی داگیر كراوی كوردستان. ئێمە نەتەوەیەكین كە زۆر بە ئاسانی مێژوو، جوغرافیا و كولتوورمان داگیر دەكرێ. كارەساتی داگیر كردنی نەورۆز زۆر گەورەیە گەورەییەكەشی لەوە دایە ئەوەتا دامەزراوەیەكی نێونەتەوەیی وەكوو كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان جۆرێ رەوایەتی بەو داگیر كردنە داوە ئێران بە خاوەنی نەورۆز دەزانێ! ئەگەر هەتا ئێستا كورد هەوڵی رزگار كردنی پارچە داگیركراوەكانی كوردستانی دەدا لەمەوبەدوا دەبێ بۆ رزگاریی كولتوور و نەورۆز تێ بكۆشی.
كوردپا: پێوەندیی نێوان توخم و پێكهاتە ئوستوورەییەكانی كورد و نەورۆز لە چی دایە؟
دوکتور مەولوود ئیبراهیم حەسەن: ئوستوورە بەرهەمێكی گرنگی عەقڵی مرۆڤە، مرۆڤ بە گشتی. نەورۆزیش لە سەرەتاوە وەك داستانی (ئیننانا و دەمموزی) و (تەمووز و عەشتار) لەسەر بنەمای سروشتی كشتوكاڵی، ئایینی و ئۆستوورەیی دامەزراوە، تا ئێستاش ئەو بنەمایانەی هەر ماوە، ئەگەرچی بەهۆی ئەو تەمەنە زۆرەی كە هەیەتی زۆر ئوستوورەی جیاجیای دراوەتە پاڵ! بۆ نموونە: سەیری ئوستوورەی كاوە و زوحاك بكەن كە ئوستوورەیەكە بە شێوەیەكی تر دراوەتە پاڵ نەورۆز. هەروەها داستانی (مەم و زین). دەتوانین بڵێین: جەژنی نەورۆز یەكێكە لەو رووداوە مێژووییانەی كە ئێستا زۆرترین ئەفسانەی دراوەتە پاڵ. ئەفسانەی دژ بە یەك، ئەمەش ئەگەر شتێك بسەلمێنێ كە نەورۆز جەژنێكی كۆن و گرینگ و پیرۆزە.
كوردپا: مەسەلەی زوحاك و كاوەی ئاسنگەر و پێوەند دانی بە نەورۆزەوە چۆن لێك دەدەیەوە، لە حاڵێكدا بە درێژایی مێژوو كورد كاوەی ئاسنگەری وەكوو رەمزی مانەوە و قارەمانەتی ناساندووە و شانازیی پێوە كردووە، بەڵام بەڵام هێندێ‌پسپۆڕی بواری مێژوو و شارەزا دەڵێن زیندوو كردنەوەی ئەم مەسەلەیە و پێوەند دانی بە كوردەوە بە قازانج نیە، بەڕای ئێوە هۆیەكەی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
دوکتور مەولوود ئیبراهیم حەسەن: مەسەلەی كاوەی ئاسنگەر و زوحاك دەبێ وەك ئەفسانەیەكی رەمزی، هێمایی بخوێنینەوە. ئەگەر وامان خوێندەوە. ئەوا داستانێكی جوان و پیرۆزە و دەكرێ پەندی لێ وەربگرین، بەڵام ئەگەر پێمان وابێ كاوە و زوحاك وەك ئەوەی كە چیرۆكەكەی زانراوە رووداوێكی مێژووییە و لەنێو كورد بەم شێوەیە رووی داوە! ئەوا لێرە بە هەڵەدا دەچین، چونكە لە هەموو مێژووی كورد، كاوە و زوحاكێكی بەو شێوەیەمان نەبینیوە و ئەوە بەو مانایە نیە كە پیاوی ئازای كاوە ئاسامان نەبووە زاڵمی خوێن خۆری وەك زوحاكمان نەدیوە! نا نەخێر! بەڵام لە مێژوودا كاوەیەكی راستەقینە نادۆزینەوە حەڤدە كوڕی كوژرابێ بۆ كوڕی هەژدەهەم بەربێنەكەی بكاتە ئاڵا و چەكوچی ئاسنگەری بخاتە سەر شان و زوحاكی دوو مار لەسەر شانی تەمەن دوو هەزار ساڵە بكوژی!؟
لێرەوە دەبێ، كاوە و زوحاك بە ئوستوورە تێبگەین و بە دوای ئەوەشدا بگەڕێن كە ئوستوورە چۆن درووست دەبێ، بەتایبەت ئوستوورەی مێژوویی. دوكتوور ( ماجد عبداللە الشمس) دەنووسێ: كاوە، كە كوردەكان بە پاڵەوانی داستانی كاوە و زوحاكی دەزانن! گۆڕانی (كیبیلی)ی خوداوەندی ئاگر و ئاسن توانەوەی سومەرییە: گۆڕاوە بە كاوە، كیبیل بووە بە كابیل و كابیل بووە بە(كابی) و كابی بووە بە (كاوی) و كاوی دوا جار بووە بە (كاوە) خۆ ئەوا كیبیل خوداوەندی ئاگر و ئاسن توانەوەش بووە، ئاگر و ئاسن توانەوەش دەكاتە ئاسنگەریی (كاوەی ئاسنگەر) بۆ زوحاكیش زۆر لە لێكۆڵەران زوحاك بە (ئەستیاگ) دوا پاشای میدییەكان دەزانن و دەڵێن: هیچ پاشایەك ئەوەندەی ئێستیاگ پاشای مێژوو غەدری لێ نەكردووە. ئەو پاشایە لە ژیانی خۆیدا رێك بە پێچەوانەی ئە كەسایەتییەی زوحاك بووە كە بۆی درووست كراوە، هەندێك لە مێژوونووسان دەڵێن: ئێستیاگ پاشایەكی باش بووە و لای خەڵكەكەی خۆی خۆشەویست بووە، بەڵام ئەفسانەی ناحەزان ئاوا گۆڕیویانە، دواجار دەڵێن ئیسیاگ پاشا ئەگەر لای میللەتەكەی خۆی خۆشەویست بووبێ یان نا!!
هەر چییەك بووبێ، ئەوا بێگومان زوحاك نەبووە و دوو ماری لەسەر شان نەڕواوە!؟
ئەفسانەی كاوە و زوحاك ئەفسانەیەكە كەسایەتیە مێژوویی و ئایینی و ئەفسانەییەكانی لە زۆر شێوە گۆڕێوە و ئەفسانەیەكی تازەی لێ درووست كردووە و پاڵەوانێكی نەتەوەیی هێناوەتە ئاراوە و رۆژی كوشتنی ئەو زوحاكە دروستكراوەی جارێكی تر كردۆتەوە بە نەورۆز و مێژوویەكی تری بۆ كورد بۆ نەورۆز دروست كردوە، كە زۆر جیایە لە مێژووی راستەقینە وەك لە سەرەتای وەڵامی ئەو پرسیارەدا گوتم ئەگەر كاوە و زوحاك وەك ئەفسانە و رەمز سەیر بكەین، ئەوا رەمزێكی جوانە كەلە راستیشدا هەروا دەمێنێتەوە.
ئەوە هەر ئیمە نەتەوەی كورد نین كە شانازی بە پاڵەوانێكی نەتەوەیی دروست كراوەوە دەكەین، میللەتان زۆربەیان بەم شێوەیەن، پاڵەوانی ئەفسانەیی و نەتەوەییان بۆ خۆیان دروست كردووە.

کوردپا: سپاس بۆ ئامادە بوونتان بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە.

پێناسە:
ـ دوكتور مەولوود ئیبراهیم حەسەن
ـ مامۆستای زانستگای سەلاحەدین/ هەولێر
ـ پسپۆڕ لە ئەفسانەی مێژوو و ئەفسانەی كوردی تا ئیستا ئەم بەرهەمانەی چاپ كراوە.
بەرهەمەكانی لێكۆلەر:
1 ـ وریابن خەوتان لێ نەكەوێ، كورتە چیرۆك بۆ منداڵان – 1981.
2- خۆت لە من بزر مەكە ! شێعر – 1985
3- قەدەغە شكێنی 1 لێكۆڵینەوە لە ئەفسانەی كوردی – دەزگای سەردەم – 2000
4- بەردە ژن !! كورتە رۆمان – 2001
5- گەڕان بە دوای نەمریدا . دەزگای ئاراس – 2002
6- پیری كێوان – كورتە رۆمان – وەزارەتی رۆشنبیری سلێمانی – 2004
7- هێلكەی نامی – بەرگی یەكەم، بەشی یەكەم – ئەنیستیتۆی كەلەپووری كوردستان- 2006
8- هێلكەی نامی – بەرگی یەكەم ، بەشیدووهەم – ئەنیستیتۆی كەلەپووری كوردستان- 2006
9- پیكهاتەی ئەفسانەی كوردی، دەزگای رەنج – 2007.
10- تێر نەخۆر- بەرگی – یەكەم – بەشی سێهەم – دەزگای چاپ و بڵاو كردنەوەی بەدرخان – 2008.
11- زیاتر لە عیشقێك – بەرگی یەكەم – بەشی چوارەم ، دەزگای چاپ و بڵاو كردنەوەی بەدرخان 2008.
12- ئینسكلۆپیدیای هەولێر – 10 بەرگ – بەڕێوەبەری گشتی ئینسكلۆپیدیا- دەزگای جاپ و بڵاو كردنەوەی بەدر خان 2009.
13- ساواك بۆچی حەسەن زیرەكی كوشت؟!! دەزگای چاپ و بڵاو كردنەوەی بەدرخان 2012.
14- نەورۆزی كورد .. لە ئەفسانەوە بۆ بە جیهانی بوون – چەند لێكۆڵینەوەیەكی ئەفسانەیی مێژوویی كولتوورییە - دەزگای جاپ و بڵاو كردنەوەی بەدرخان – هەولێر 2012.