دوکتور محەممەدساڵح ئیبراهیمی کۆچی دوایی کرد

21:15 - 5 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: مامۆستا شەپۆل، ئەدیبی نیشتمانپەروەری نەتەوەی کورد، لە شاری تاران ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نوسەر، وەڕگێر، لێکۆڵەر، ڕۆژنامەوان و مامۆستای زانکۆ؛ دوکتور \"محەممەدساڵح ئیبراهیمی\" ناسراو بە \"شەپۆل\" ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی زانا و نیشتمانپەروەر لە شاری مەهاباد لەدایک بوو.

مامۆستا شەپۆل، کوڕی خوالێخۆشبو مەلا ئیبراهیم، کوڕی عارفی ڕەبانی حاجی خەلیفە مەلا محەممەد بوو کە بە عالم و زانایەکی پسپۆڕ لە کاتی خۆی لەنێو خەڵکدا بانگ و ئاوازەی هەبوو.

مامۆستا شەپۆل لە سەردەمی منداڵیدا بە داب و نەریتی قەدیم، کتێبە سەرەتایەکانی وەک قورئانی پیرۆز لای بابی فێر بوو و پاشان لە حوجرە، لای مەلایانی زانا علوومی قەدیمیی دینی تەواو کرد و پاشان هەر لە مەهاباد لای حاجی مەلاحوسێن مەجدی درێژەی بە خوێندن و تۆێژینەوە دا.

دوای تێپەڕکردنی ئەم قۆناغانە ئیجازەی وانەوتنەوەی وەرگرتووە و لە ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی بووەتە خەتیب و پێشنوێژی خانقای نەهری و لە هەمانکاتدا بووەتە مودەریس لە مزگەوتی سوور.

مامۆستا شەپۆل وەک تەواوی کاتەکانی ژیانی تینوی فێر بوون بوو و ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی کە شاری مەهاباد و وانەوتنەوە لە مزگەوت جێ بهێڵێ و بۆ تاران کۆچ بکات و لەوێ درێژە بە خوێندن بدات. مامۆستا لە زانکۆی تاران درێژەی بە خوێندن دا و قۆناغی دوکتورا و باڵا دکتورای لەم زانکۆیەدا تەواو کرد و پاشان بوو بە مامۆستای علومی قەزایی زانکۆی تاران.

مامۆستا شەپۆل ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی هاوکاری لەگەڵ ڕادیۆ کوردی تاران دەست پێ کرد و چەندین وتار و نوسراوەی لە بابەت کلتور و زمانی کوردی پێشکێشی کۆمەڵگای کوردی کرد و تا ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لە ڕادیۆ کوردی تاران بەردەوام بوو.

مامۆستا جگە لە هاوکاری ڕادیۆ تاران بۆ پەرەدان بە کوولتور و خزمەت بە زمانی کوردی لە ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی بە هاوکاریی مامۆستا جەمیل ڕۆژبەیانی و محەممەد سادقی موفتی زادە و مامۆستا سوارە ئیلخانی زادە و چەند کەسی دی کانوونی زمانی کوردیان لە تاران دامەزراند.

مامۆستا شەپۆل وەک ئاواتێک بۆ دەرخستنی گۆڤارێک بە زمانی زگماک توانی دوای هەوراز و نەشێوێکی زۆر گۆڤاری \"گرشەی کوردستان\" دامەزرێنێ و لە ٩ مانگدا ٩ ژمارەی ئەم گۆڤارەی بڵاو کردەوە.

مامۆستا شەپۆل ٣٥ بەرهەمی لە چاپ دراوی هەیە کە هەر یەک لەم بەرهەمانە گەنجینەیەکی تایبەتن بۆ دەوڵەمەندیی هەرچی زیاتری کتێبخانەی کوردی.

چەند بەرهەمی مامۆستا کە دەبێ ئاماژەیان پێ بکەم بریتینن لە: \"وەڕگێرانی قورئانی پیرۆز بە زمانی کوردی، ڕاپەڕینی ژەنڕاڵ مستەفا بارزانی ڕابەری کەبیری کورد، گەنجینەی فەرهەنگ و زانست، زانایانی کورد، کۆبانی، باوی کۆمەڵایەتی، ژنانی کورد لە مێژوودا\".

مامۆستا بە بۆنەی خزمەت و شارەزایی لە ئەدەبیاتی کورد بو بە سەرۆکی ئەنجومەنی زمان و فەرهەنگی کوردی، هەروەها چەندین خەڵاتی شانازیی لە کۆڕە ئەدەبێکان پێشکەشی کرا کە یەکە لە هەرە خەڵاتە گرینگەکان خەڵاتی ساڵیادی شەهیدانی هەڵەبجە بوو و هەروەها میداڵی شانازیی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخانی بەرە و ئازادیی ڕۆژنامەنیگاری کوردستان بە ناوی خەڵاتی نوسەر،لێکۆڵێنەر و وەڕگێر بۆ خزمەتەکانی پێ بەخشرا.

مامۆستا شەپۆل ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هه‌تاوی دوای ماوەیه‌کی کورت ململانێ لەگه‌ڵ نه‌خۆشی له تاران کۆچی دوایی کرد و بڕیاره له شاری مەهاباد به خاک بسپێردرێ.