دووەمین ئەندامی بنەماڵەیەك لە شاری مەهاباد بەهۆی خۆكوژییەوە گیانی لەدەست دا

12:39 - 27 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: لاوێكی خەڵكی مەهاباد سێ‌ رۆژ لەمەوبەر دەستی داوەتە خۆكوژی و گیانی لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سێ‌ رۆژ لەمەوبەر لاوێكی خەڵكی مەهاباد بەناوی \"رەشید.ش\" تەمەن 23 ساڵ بەهۆی گیروگرفتی بنەماڵەیی دەستی داوەتە خۆكوژی و گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە ئەو لاوە مەهابادییە بە خواردنی حەب كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

سەرچاوەكە ئەوەشی خستۆتە روو ئەمە دووەمین ئەندامی ئەو بنەماڵەیە كە دەستی داوەتە خۆكوژی، یەك ساڵ لەمەوبەر برایەكی دیكەشی دەستی دابووە خۆكوژی و گیانی لەدەست دابوو.

بەپێی ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە ماوەی زیاتر لە 6 مانگی رابردوودا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران 30 هاووڵاتیی كورد بەهۆی جۆراوجۆر دەستیان داوەتە خۆكوژی و گیانیان لەدەست داوە.

لە كۆی ئەو رێژەیە، 18 كەسیان ژنن و ئەو 12 كەسەكەی دیكەش لەناو پیاوان دان.

ئەو ئامارە بەپێی ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا تۆمار كراوە و بێگومان رێژەی راستەقینە لەوەش زیاترە.