دووەمین فستیڤاڵی خەڵاتی ئەدەبی مەولەویی کورد لە شاری سنە بەڕێوە دەچێت

15:33 - 25 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: بۆ برەودان بە فەرهەنگ، ئەدەب و زمانی کوردی، دووەمین فستیڤاڵی \"خەڵاتی ئەدەبی مەولەویی کورد\" لە بواری شێعردا، لە شاری سنە بەرێوە دەچێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبی مەولەویی کورد لە شاری سنە، بڕیارە لە کۆتاییەکانی مانگی رەزبەری ئەمساڵدا، بە مەبەستی پەرە پێدان بە فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی فستیڤاڵێکی تایبەتی لەسەر شێعری کوردی بەڕێوە ببات.

کەماڵ تاهیرنەژاد یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئە وفستیڤاڵە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ فستیڤاڵەکە تایبەت بە شێعری کوردییە و شاعیرانی کورد دەتوانن بە هەموو سەبکەکانی شێعر و زاراوەکانی زمانی کوردی بەرهەمەکانیان رەوانەی بەڕێوبەرایەتیی فستیڤاڵەکە بکەن.

\"22105.jpg\"
ئەو چالاکە ئەدەبییە، لە وڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی ئەم فستیڤاڵەش وەکوو فستیڤاڵی یەکەمی ئەنجومەنی ئەدەبی مەولەوەیی کورد لەسەر ژانری شێعری کوردی بەڕێوە دەچێت، گوتی؛ ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبی مەولەویی کورد لە داهاتوودا لە بوارەکانی چیرۆک و رۆمان و توێژینه‌وه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی و خه‌سارناسانه‌ و شێوازناسیی شێعری کلاسیک و هاوچه‌رخ، فستیڤاڵی هاوچەشن بەرێوە دەبات.

خەڵاتی ئەدەبیی مەولەوی کورد لە دوو بەشدا بەڕێوە دەچێت، ئەو شاعیرانەی کە کتێبی چاپکراویان نییە، دەتوانن سێ بەرهەمی شێعریی خۆیان بۆ نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتیی فستیڤالەکە بنێرن.

بەپێی نووسراوەیەک کە ئەنجومەنی ئەدەبی مەولەوەیی کورد بڵاوی کردۆتەوە، فستیڤاڵەکە تایبەت بە شاعیرانی کورد لە ئوستانە کوردنشینەکانی ئێرانە و شاعیرانی بەشدار نابێ تەمەنیان لە ٢٠ ساڵ کەمتر و لە ٥٠ ساڵ زیاتر بێت.

فستیڤاڵی \"خەڵاتی ئەدەبیی مەولەوەی کورد\"، بڕیارە رێکەوتی ٣٠ی مانگی رەزبەر هەتا ١ی مانگی خەزەڵەوەری ئەمساڵ لە شاری سنە بەرێوە بچێت.