دووەمین بەرهەمی نووسەرێکی کرماشانی چاپ و بڵاو بووەوە

14:25 - 5 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: کتێبی \"نژوە\"، دووەمین کتێبی نووسەری کرماشانی، لە لایەن چاپەمەنیی \"تاقۆسانـ\"ـەوە، چاپ و بڵاو بووەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کتێبی فێرکاریی ڕێنووسی زمانی کوردی، بە ناوی \"نژوە\"، بەرهەمی \"کەماڵ ڕەمەزانی\"، کەوتە بەر دیدی فێرخوازانی کوردەوە.

ئەم بەرهەمە لە لایەن چاپەمەنیی \"تاقۆسانـ\"ـی شاری کرماشان، ڕۆژی شەممە، ٤ی جۆزەردان، هاتە بازاڕەوه.

\"\"بەپێی وتەکانی نووسەری ئەم بەرهەمە، ئەم کتێبە بۆ فێرکردنی لاوان و تازەلاوانی کورد، بە زمانێکی ساکار و ڕەوان نووسراوە.

کتێبی یەکەمی کەماڵ ڕەمەزانی، بە ناوی \"شاماران لە فەرهەنگی فۆلکلۆری کوردستان\"، بە زمانی فارسی، لە ساڵی ۹۷دا چاپ و بڵاو کرابووەوە.

ناوبراو لەسەر کتێبی یەکەمی وتوویەتی: \"شاماران خواوەندی زانیاری و پارێزەری نهێنی، یەکێکه له كۆنترین ئوستوورەکانی کوردستان. باوەڕی نەتەوەی کورد به ئوستوورەی شاماران بەشێکه له دیرۆک و فەرهەنگ و شارستانییەتی ئەم گەله، هەروەها هێمایەکه له ئافراندن و بەرەکەت و زانایی.\"

پەرتووکی شاماران له فەرهەنگی فۆلکلۆری کوردستان، یەکەم په‌رتووکە که تا ئێستا لە ئێران و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەباره‌ت بەم ئوستوورەیه، چاپ و بڵاو بووەتەوه.

\"کەماڵ ڕەمەزانی\"، تەمەن ۳۹ ساڵ و دانیشتووی شاری کرماشانە و خاوەن بڕوانامەی کارناسیی \"ژمێریاریـ\"ـیە و ماوەی چەندین ساڵە لە بواری زمان و ئەدەبیاتی کوردیدا، چالاکی دەکات.