دووهەمین ژنە کرێکاری مەهاباد لە کوورەخانەی شاری وایقان گیان لە دەست دا

13:26 - 16 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقینەوەی پیک نیک لە خانووی کریکاریی چوار ژنە کرێکاری کورد، خەڵکی مەهاباد لە ناوچەی شەبستەر سەر بە شاری وایقان، یەکێکی دیکە لە ئەو ژنە کرێکارانە گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی رابردوو ١٥ی خەرمانان، شەهلا محەممەدزادە تەمەن ٣٥ ساڵ، ژنە کرێکاری کوردی خەڵکی شاری مەهاباد بە هۆی زۆربوونی ڕێژەی سووتانەکەی لە نەخۆشخانەی سینای شاری وایقان گیانی لە دەست دا.

ئەو ژنە کرێکارە کوردە خەڵکی گەڕەکی پشت تەپی شاری مەهاباد بووە، کە لە یەکێک لە کوورەخانەکانی شاری وایقان خەریکی کرێکاری بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خەرمانان، سۆزان عومەری تەمەن ١٤ ساڵ یەکێک لەو سێ ژنە کرێکارە کوردە بوو، کە بە هۆی تەقینەوەی پیک نیک تووشی سووتان هاتبوو، بە هۆی کاریگەری و زۆری برینەکەی پاش چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.

حەوتووی ڕابردوو ٨ی خەرمانان، چوار ژن کرێکاری کوردی، خەڵکی شاری مەهاباد لە کوورەخانەیەکدا لە شاری وایقان لە ناوچەی شەبستەری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، لە کاتی کار کردن تووشی ڕووداوی کار هاتن و بە سەختی سووتان.

ئەو چوار ژنە کرێکارە، ئەندامی یەک بنەماڵە بوونه کە بۆ دابین‌کردنی بژیوی ژیانیان ڕوویان لە شاری وایقان بۆ کرێکاری کردبوو.

پێشتر ئاژانسی کوردپا، بارودۆخی دوو کەس لەو ژنە کرێکارانەی بە نالەبار ڕاگەیاندبوو.

لینکی پەیوەندیدار:
چوار ژنە کرێکاری کورد لە کورەخانه تووشی سووتاوی بوون
ژنە کرێکارێکی کورد، پاش چوار رۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا