دوورخستنەوەی محەممەد مورادی، زیندانی سیاسیی خەڵکی پیرانشار بۆ شاری قەیداری زەنجان
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، "محەممەد مورادی" زیندانی سیاسیی خەڵکی گوندی "قەبری حوسێن" سەر بە شاری پیرانشار، بۆ شاری قەیداری پاریزگای زەنجان، دوور خرایەوە.
ڕۆژی شەممە ٢١ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، محەممەد مورادی بە دانانی بارمتەی ٨ میلیارد تمەنی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرابوو.
محەممەد مورادی، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە ١٥ ساڵ دوورخرانەوە بۆ شاری قەیداری پارێزگای زەنجان مەحکووم و ئەو حوکمەش ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرابوو.
ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٠، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە پاش ڕەتکردنەوەی حوکمەکەی لە دیوانی باڵای وڵات، لە ڕێگای ڤیدیۆکۆنفڕانسێکەوە لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بەڕێوە چووبوو.
مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو، ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "محاربه" لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ مەحكووم کرابوو.
حوکمی محەممەد مورادی بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان لە لقی ٣٤ی دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ تاوتوێکردنی دووبارە نێردراوەتەوە بۆ ئەو دادگایەی کە سەرەتا ئەو حوکمەی بەسەر "محەممەد مورادیـ"ـدا سەپاندووە.
محەممەد مورادی پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و پاش ڕۆیشتن لەو حیزبە، مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٦ لە سنووری "کێلێـ"ـی سەردەشت گەڕابووەوە بۆ ئێران.
ناوبراو پاش گەڕانەوە بۆ ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ کرابوو.
ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، سەرەتا بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە و دواتر بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.
ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٥ ساڵەیە خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە و هەنووکە لە زیندانی نەغەدە ڕاگیراوە.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٨، دوو برای محەممەد مورادی بە ناوەکانی "عەبدولڕەحمان و سادق مورادی" لە سنووری "کۆترانـ"ـی شاری پیرانشار، لە کاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای سپای پاسداران کوژرابوون.