دوورخرانەوەی کچە خوێندکارێکی بۆکانی بۆ زانکۆی شاری مەراغە

15:54 - 17 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: کچە خوێندکارێکی خەلکی شاری بۆکان، بە بڕیاری  بەشی کاروباری خوێندکاریی وەزارەتی زانست، لە زانکۆی پەیام‌نووری بۆکانەوە بۆ زانکۆی پەیام‌نووری شاری مەراغە لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژهەڵات، دوور خرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەفسانە بایزیدی تەمەن ٢٨ ساڵ و خوێندکاری زانکۆی پەیام‌نووری بۆکان، کە ناوەڕاستی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە ٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرا، بۆ درێژەدان بە خوێندن بۆ زانکۆی پەیام نووری مەراغە دوور خرایەوە.

ئەفسانە بایزیدی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٢ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان هاوڕێ لەگەڵ برایەکی بەناوی شاهۆ بایزیدی دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەیەکی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کران.

ئەو کچە خوێندکارە کوردە پاش ئازادکران لە زیندان، لەلایەن حەراسەتی زنکۆی پەیام‌نووری بۆکانەوە ئاگادار کرابوویەوە، هەتا ئەو کاتەی رەوتی یاسایی پەروەندەکەت روون نەبێتەوە، مافی هاتنە زانکۆت نییە.

ئەفسانە چەند رۆژ پێش ئێستا، بە مەبەستی چوونەوە بۆ زانکۆ سەردانی بەشی کاروباری خوێندکاریی وەزارەتی زانستی لە تاران کردبوو، کە سەرئەنجام بە بڕیاری ئەو ناوەندە بۆ زانکۆی پەیام‌نوری شاری مەراغە دوور خراوەتەوە.