دوو ئەندامی گرووپێکی شاخەوانیی بە زیندان مەحکووم کران

11:02 - 16 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "هەڵۆ"ی سەقز بە زیندان مەحکووم کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو ئەندامی گرووپی شاخەوانی "هەڵۆ"ی شاری سەقز بە ناوەکانی "فایەق یووسفی" و "هادی محەممەدزادە"، لە لایەن دادسەرای گشتیی و ئینقلابی ئەو شارەوە بە زیندان مەحکووم کران.

بە پێی ئەو بڕیارە، ئەو دوو کەسە بەتۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی تراکتەوە" بە تاوانبار ناسراون .

"فایەق یووسفی" بە ١٠ مانگ و "هادی محەممەدزادە" بە ٨ مانگ زیندانی تەعزیری لەگەڵ هەژمارکردنی ڕۆژانی پێش لە دەسبەسەرکرانیان مەحکووم کراون.

"فایەق یووسفی" و "هادی محەممەدزادە"، لە دادگادا بەنیسبەت تۆمەتی ‌وەپاڵدراویان لە ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێراندا بێتاوان ناسراون.

ئەو دوو ئەندامەی گرووپی شاخەوانیی "هەڵۆ"ی سەقز، مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەتۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کرابوون.