دوو ئەندامی هەنگی سنووریی لە شاری سەردەشت کوژران

15:42 - 16 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو ئەندامی هەنگی سنووریی، لە شەڕ و تێکەڵچوونێکدا، لە شاری سەردەشت کوژران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ١١ شەوی سێشەممە ١٥ی جۆزەردان، لە ئەنجامی شەڕ و تێکەڵچوونی چەکدارانە لە سنووری شاری سەردەشت دوو کەس لە ئەندامی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بە ناوەکانی \"ستوان یەکەم یووسف پیرانە و ئیستوار یەکەم مەحبووب قوربانی\" کوژران.

ئەو شەڕ و تێکەڵچوونە لە هەنگی سنوورییی شاری سەردەشت لە گرووهانی بێوران، لە لایەن بورجەکی کانی‌سێوەوە دەستی پێ کرد و ڕاگەیەندنە حکوومەتییەکان \"حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێرانیان\" بە هۆکاری دەستپێکردنی ئەو شەڕ و تێکەڵچوونە زانیوە.

هەتا ئێستە هیچ کام لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران، بەرپرسایەتی ئەو شەڕ و تێکەڵچوونەیان لە ئەستۆ نەگرتووە.

لە لایەکی دیکە و لە هەمان کاتدا، شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و کەسانی نەناسرا لە \"دەرەتفێ\" سەر بە بەخشی پاوە ڕووی داوە و کەسانی نەناسرا تەقەیان لە پایگای هێزەکانی سپای پاسداران کردووە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە وەردەکارییەکانی ئەو شەڕ و تێکەڵچوونە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

ڕۆژی هەینی ٧ی بانەمەڕ، شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و کەسانێکی نەناسراو لە شاری نەسوودیش ڕووی دا و لەو شەڕ و تێکەڵچوونەدا، ئەندامێکی خۆجێی سپا بە ناوی \"عەلیڕەزا ڕەفیعی\" بریندار بووه و سەربازێکیش بە ناوی \"کامران قادرپوور\" خەڵکی گوندی \"بایین دەڕە\"ی شاری مەهاباد کوژرا.