دوو ئەندامی سپای پاسداران لە شاخی \"کۆساڵان\" کوژران

19:53 - 3 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی \"کۆساڵان\" کەوتنە بۆسەی کەسانێکی نەناسراو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ی خەزەڵوەر، کاتژمێر ٨ی بەیانی، هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی \"کۆساڵان\" کەوتنە بۆسەی کەسانێکی نەناسراو و لە ئاکامی دەسڕێژی گووللە لە یەکتر، دوو کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران بە ناوەکانی \"ئیرج ئاداک و کەماڵ فەتحی\" کوژران.

کۆسار دادوەر، فەرمانداری شاری سەوڵاوا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی شەڕ و تێکهەڵچوونەکە، لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵنێران ڕایگەیاند: ئەو دوو کەسەی ئەندامانی سپای پاسداران خەڵکی گوندی \"ژیوار\" سەر بە بەخشی هەورامان بوون.

فەرمانداری سەوڵاوا \"گرووپە چەکدارەکانی دژبەری حکوومەتی\"، بە کوژرانی ئەو دوو ئەندامەی سپای پاسداران تۆمەتبار کردووە.

ئەو دوو ئەندامەی سپای پاسداران لە کاتی گەڕانەوە لە پایگای \"هانەی لار\" لە ناوچەی کۆساڵان تووشی ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونە لەگەڵ ئەو کەسانە بوون.

ماڵپەڕی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە، باسی لە کوژران و برینداربوونی چەندین پاسدار و هێزی سەر بە سپای پاسداران لەو شەڕەدا کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ یەک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران بەرپرسایەتی ئەم شەڕ و تێکهەڵچوونەیان بە ئەستۆ نەگرتووە.