دوو ئەندامی دیکەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - سەقز و زیویە دەسبەسەر کران

11:49 - 28 جۆزەردان 2722

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی جۆزەردان، "حیسام خاکپوور و حەسەن ڕەحیمیان"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - سەقز و زیویە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەو دوو چالاکە سێنفییە و بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەوانیان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "هێزە ئەمنییەتییەکان ماڵی ئەو دوو چالاکە سێنفییەیان پشکنیوە. هەروەها تەواوی ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- سەقز و زیویە، پاش دەسبەسەرکردن بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزراون".

شوناسی چالاکانی سێنفیی دەسبەسەر کراو لە سەقز بەم شێوەیە ڕاگەیەندراوە: "ئاوات ڕەزەوی، تاهیر حامیدی، لوقمان ئەڵڵامورادی، ئەحمەد قادری، کەیوان محەممەدی، خالید شێخی، ئەنوەر فەرەجزادە، سەلاح حوسێنی، خالید عەبدوڵڵاهی، محەممەد فەتاحی، سلێمان عەبدی، عەزیز مەرزی، سەلاح سوورخی، زاهید مورادی، ئیسماعیل یەسرابی، ئامانج ئەمینی، حوسێن محەممەدی، تاهیر قادرزادە، فاتێح غەفاری، سەلاح حوسێنی، حیسام خاکپوور و حەسەن ڕەحیمیان".

هەروەها شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران، باسی لە دەسبەسەرکردنی "مەرزیە تەڵایی" کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی هەینی ٢٧ی جۆزەردان، "ئارام محەممەدی، تەحسین مستەفایی، سەیوان سلێمانی و ئارام قادری"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، بە کەفاڵەت ئازاد کران.

ئەو چوار چالاکە سێنفییە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی جۆزەردان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: حەسەن ڕەحیمیان و حیسام خاکپوور