دوو ئەندامی دیکەی \"باندی هیوا تاب\" لەسێدارە دران + ناسنامە

13:08 - 7 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: حوکمی لەسێدارە درانی دوو ئەندامی دیکەی باندی هیوا تاب بە بڕیاری رێکخراوی زیندانەکان و دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ناوچەکانی سنە و کامیاران و ئەندامی باندی هیوا تاب، کە ماوەی نزیک بە ٥ ساڵ لە دەستبەسەریدا بوون، لە سێدارە دران.

ناوی ئەو دوو ئەندامەی باندی هیوا تاب، بێهرووز ساعیدپەنا خەڵکی گوندی مارنج\"ی سەربە شاری کامیاران و مەوجوود زەمانی، کوڕی حاجی میرزائاغا و خەڵکی گوندی دادانەی سەربە شاری سنە راگەیەندراوە.

دەگوترێت بێهرووز ساعیدپەنا \"جێگری هیواتاب\" بووە و شەوی یەکشەممە رێکەوتی ٦ی رێبەندان لەزیندانی ئێڤین لە تاران لەسێدارە دراوە.

هاوکات چوار ئەندامی دیکەی ئەو باندە بەناوەکانی کەماڵ هووشیاری خەڵکی گوندی \"کێکن\"ی مەریوان، محەممەد گەلە خەڵکی گوندی \"ولەژێر\"ی مەریوان و موسلیم رەشیدی کوڕی حاجی زاهیر خەڵکی گوندی \"دەگاگا\"ی سەوڵاوا و ئێقباڵ زەمانی ناسراو بە (بەرزان) خەڵکی گوندی \"دادانە\"ی سەربە شاری سنە لەسێدارە دراون.

هەتا ئێستا ١٠ کەس لە ئەندامانی باندی هیوا تاب، فەرماندەی پێشووی ئیتلاعاتی سپای مەریوان، لە زیندانی شاری سنە لەسێدارە دراون.

پێشتریش رۆژی ١٩ی مانگی رەزبەری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، چوار ئەندامی دیکەی ئەو باندە بەناوەکانی \"هیوا تاب، حەمید داباشی، محەممەد گەلاوێژی و عەلی قادری\" لە شاری سنە لەسێدارە دران.

بە وتەی هاووڵاتییانی ناوچەی مەریوان، باندی هیوا تاب بە ئاگاداریی بەرپرسانی پلەبەرزی وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە ماوەی ساڵانی ١٣٨٤ هەتا ١٣٨٨ دەستێکی باڵای لە کوشتن و ئەزیەت کردنی کۆڵبەران و هاووڵاتییاندا هەبووە.