دوو ئەندامی بنەمالەیەک لە شاری داڵاهۆ چارەنووسیان ناڕوونە

14:06 - 24 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری داڵاهۆ سەر بە پارێزگای کرماشان، ماوەی چوار مانگە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کراوە و هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی\"جەبار حوسێنی\" خەڵکی شاری داڵاهۆ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە کە تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە چارەنووسی ناڕوونە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، وەکوو بارمتە بە جێگەی کوڕەکەی گیراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، کوڕێکی جەبار حوسێنی بە ناوی\" نەجات\" کە پێشتر بە تۆمەتی \"تەبلیغ دژی نیزام\" بۆ ماوەی یەک ساڵ دەسبەسەر و زیندانی کرابوو، بە دانی وەسیقەی ٣٠٠ میلیۆنی ئازاد کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: نەجات حوسێنی لەو ماوەیەدا، خەریکی کاری نانەوایی بووە، پاش داخستن و پلۆمپ کردنی نانەواخانەی ناوبراو لەلایەن ئیتلاعاتەوە، ئەم هاووڵاتییە کوردە هەڵاتووە و هێزە ئیتلاعاتییەکان، بە جێگەی ئەو، باوکیان دەسبەسەر کردووە.

سەرچاوەکە لە درێژەدا ئەوەی خستەڕوو، بەدواداچوونی بنەماڵەی جەبار حوسێنی بۆ ئاگاداربوون لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو، هەتا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە و هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی زانیاری لە شوێن و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە، خۆدەبوێرن.

\"\"
دوو ئەندامی بنەمالەیەک لە شاری داڵاهۆ چارەنووسیان ناڕوونە